ڕاوێژکاری خامنەیی: ئەمریکا لە سێ وڵات دەکەینە دەرەوە

‌عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی عەلی خامنەیی


وێستگە نیوز- 
ڕاوێژکاری خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بەڵێنیدا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە و وتی ، " هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق دەکەینە دەرەوە، ئەگەر خۆیان نەڕۆیشتن ئێمە بە هێز دەیانکەینە دەرەوە". 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ئێران "ئیرنا" عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی عەلی خامنەیی لەمیانەی وتارێکیدا لە میانەی ئامادەکاری بۆ مەراسیمی چلەی ماتەمینی مردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران-دا، وتی، " پێویستە ئەمریکیەکان ئەوە بزانن کە دەرچوونیان لە عیراق مەحاڵ نیە، ئێستا گەیشتووینە کاتێک کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا بەرەو کۆتایی دەڕوا، دواتر کاتی دەرکردنی ئەو هێزانە دێت لە وڵاتی ئەفغانستان".

وتیشی، " کۆتاییهاتنی بوونی سەربازی ئێران لە عێراق بەرەو کۆتاییهاتنی بوونی ئەو هێزانەیە لە سوریا"، جەختیشی کردەوە، "بەم زووانە ئەمریکا لە هەردوو وڵاتەکە دەچنە دەرەوە". 
 
هاوکات ویلایەتی وتیشی، " ئێران هێزی یەکەمە لە  ناوچەکەدا، ئەو هێڵەی لە تارانەوە بەرەو بەغداو دیمەشق و بەیروت و فەڵەستین درێژبووەتەوە هێڵی بەرەی بەرگریە و ئەم هێڵە هەر بەردەوام دەبێت"،  
 
ئاماژەی بەوەش کرد، " ئەمریکیەکان پێیانوایە بە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی گرفتیان خستووەتە بەردەم بەرەی بەرگری لە ناوچەکەدا، بەڵام کاتێک ئەو سەدان هەزار خەڵکەیان لە مەراسیمی ناشتنەکەیدا بینی تێگەیشتن ئەوان حساباتێکی هەڵەیان لە ناوچەکەدا کردووە". 


ش . ر 


PM:02:03:09/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت