گۆڕان: ئەرکی حکومەتە سەرپەرشتی تەواوی کێڵگەی نەوت و غاز بکات


وێستگە نیوز-
بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكات ئەرکی حکومەتە کە سەرپەرشتی تەواوی کێڵگەی نەوت و غاز بکات، سامانە سروشتیەکان موڵکی میلەتن و پێویستە حکومەت بەو شێوەیەی کە گونجاوە، بیخاتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.


لە وتاری هەفتانەدا گۆڕان كە لەسەر بابەتەكان بڵاوی دەكاتەوە دەڵێت "سامانە سروشتیەکان موڵکی میلەتن و پێویستە حکومەت بەو شێوەیەی کە گونجاوە، بیخاتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە، لەو داهاتە دەبێ کاری خزمەتگوزاری و بنیاتنان بکرێت، موچەو مافی فەرمانبەر و موچەخۆران و هاوڵاتیانی تری لێ بدرێت".

هەروەها رایگەیاندووە كە ئەرکی حکومەتە کە سەرپەرشتی تەواوی کێڵگەی نەوت و غاز بکات و لەهەمان کاتیشدا کار لەسەر کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات بۆ ئەو سندوقەی ساڵانێکە بڕیاری لەسەر دراوەو هێشتا دروست نەکراوە.

جەختیش دەكاتەوە كە "حکومەت و سەرجەم دەزگاکانی و هەمو ئەو حزبانەی کە پشتگیری ئەکەن، پێویستە زۆر خێراو بەپەلە هەنگاوی کرداری بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە مەترسیەکانی هەژمونی کەس و لایەن و کۆمپانیا حزبیەکان بۆسەر قوت و ژیانی هاوڵاتیان".


گوتاری هەفتانەی گۆڕان:

حکومەت و سامانە سروشتیەکان

هەرێمی کوردستان لە روی سامانی سروشتیەوە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانیەوە، یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەڵام لە بەرامبەردا هاونیشتمانیان لە روی خزمەتگوزاریە سەرەتایی و ئاساییەکانی وەک غاز و کارەباو نەوتەوە کەمترین سودمەند بون لەو سامانە گەورەیە.

دەشێ هەمو حکومەتێک ناوبەناو توشی قەیرانێکی دیاریکراو بێت کە بڕی خستنە بازار لەئاست داواکاریەکان نەبێت، بەڵام کارێکی زۆر نەنگی و سلبیە هاوڵاتیان بکرێنە قوربانی کێبڕکێی کۆمپانیاکان و کۆمپانیا حزبیەکان یاخود کەسە دەستڕۆیشتوەکان و ململانێی حزبی. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دابەش کردنی قوتی هاوڵاتیانی هەرێم و بەهەدەر بردنی پارەو موڵکی گشتی کە خاوەنی راستەقینەی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگایە، نەک حزب و لایەن و کۆمپانیا و تاقمێک.

ئازاردانی خەڵک و دروستکردنی قەیران و تێکدانی کەش و هەوای گشتی و بەلارێدابردنی بابەتەکان، ئەمانە هیچیان ناچنە خانەی بەرپرسیارێتی بەرێوەبردنی کۆمەڵگاوە، بەڵکو بەشێکی ترە لەو فشارە ناتەندروستانەی ساڵانێکە بەسەر هاوڵاتیانی کوردستانەوە سەپێنراوە.
لە ئێستادا، ئەرکی سەرەکی هەر سێ لایەنی بەشدار بوە لە کابینە نۆ، کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەو چەندین پرسی تری مەترسیداری ئاوا بکەن و بەخێرایی کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و لیژنەی هاوبەش پێک بێنن بۆ بەهێز کردنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر سەرجەم جومگەکانی هەرێمدا، هەر لەوێشەوە کارکردن بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایانەی پێویستن بۆ کۆکردنەوەو قەتیس کردنی سەرجەم داهاتەکان تیایدا.

ئەرکی سەرەکی حکومەتە پێش هەمو لایەنێکی تر، خەمی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بخوات و رێگە بگرێت لەو دڵەراوکێ و بەهەدەردانەی کە هەیەو قسەی لەسەر ئەکرێت. هەروەک ئەرکی حکومەتیشە خزمەتگوزاریە گشتیەکان بە دور بگرێت لە ململانێی کەس و گروپی بەرژەوەندی و ناکۆکی حزبی.

حکومەت و سەرجەم دەزگاکانی و هەمو ئەو حزبانەی کە پشتگیری ئەکەن، پێویستە زۆر خێراو بەپەلە هەنگاوی کرداری بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە مەترسیەکانی هەژمونی کەس و لایەن و کۆمپانیا حزبیەکان بۆسەر قوت و ژیانی هاوڵاتیان.
 


AM:11:39:06/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 1620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت