عەلاوی: هەواڵگری وڵاتێكی دراوسێ پلانی كوشتنمی داناوە

‌عەلاوی سەرۆكی هاوپەيمانی عیراقی

وێستگە نیوز-
نوسینگەی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەيمانی عیراقی هەواڵگری وڵاتێكی دراوسێ تۆمەتبار دەكات بە هەوڵدان و پلاندانان بۆ كوشتنی.

ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەداستدانی ئەیاد عەلاوی بڵاو كرایەوە، بەڵام نوسینگەكەی ئەوەی رەتكردەوەو ئاشكرایكرد بە پێی ئەزمونی پێشتر هەوڵ دەدرێت تیرۆر بكرێت.

لە راگەیەندراوی نوسینگەی ناوبراودا ئاشكرایكردووە بەر لەوەی جاری پێشوو لەلایەن حكومەتی بەعسەوە هەوڵی تیرۆر كردنی بدرێت لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا كە لە كردەوەیەكەدا بە سەختی بریندار بوو هەروەها بەهۆیەوە ساڵێك لە نەخۆشخانە مایەوە، بە دوو مانگ پێشتر وەك ئێستا هەواڵی مردنی ئەو كاتەی حكومەتی عیراقەوە بڵاو كرایەوە.

بەیاننامەكە ئاشكرایكردووە "ئەمڕۆ هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە و هەواڵگری وڵاتێكی دراوسێ هەواڵی مردنی دكتۆر عەلاوی بڵاو كردەوە، كە پێشتریش دژایەتی خۆیان بە ئاشكرا و بەرەنگاربوونەوەی لەلایەن یەكێك لە سەركردە باڵاكانیانەوە پێ راگەیاندووە، كاتێك بە دكتۆر عەلاوی وتووە ئێمە لە دژی تۆ كارمان كردووە، لە وەڵامدا عەلاوی وتویەتی منیش دژی ئێوم، ئەوەش بە بەرچاوی ژمارەیەك كەسایەتییەوە بووە كە ئێستا زیندوون، لەوانەش چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها چەند وەزیرێك ".

باس لەوەش دەكات ئەمڕۆ ئەو لایەنە بە سوود وەرگرتن لە لاوازی دەسەڵاتی عیراق و دووری لە كۆمەڵگای عەرەبی هەوڵی تیرۆركردنی عەلاوی دەدات و بەر لەوەش هەواڵی مردنی بڵاو دەكاتەوە.

لە كۆتایدا سەرەڕای ئەوەی مردنەكەی رەتدەكاتەوە دەڵێت ئەو بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی خەڵكی خۆپیشاندەر و راپەڕیوی گەلی عیراق هەروەها دژی دەستێوەردانی دەرەكییە.
د.ح
 


PM:06:24:21/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت