بەرپرسانی سوپای پاسداران مەرجیان هەیە بۆ ئازادكردنی مۆر گێلبەرت


وێستگە نیوز-
ماوەی 16 مانگە كایلی مۆر گێلبەرت ئەكادمیمی بریتانی- ئوستورالی لە ئێران دەستبەسەرە و ئامادە نین ئازادی بكەن، زانیاریەكیش دزەی كردووە لە بارەی مەرجی ئێران بۆ ئەو بەندییە بەرامبەر ئازادكردنی.


بە پێی نامەیەكی فارسی كە لەلایەن مۆر گێلبەرتەوە دزەی كردووە ، بەرپرسانی پاسداران پێیان راگەیاندووە ئامادەن ئازادی بكەن بەمەرجێك ببێتە سیخوڕی ئەوان و زانیاری هەواڵگریان پێ بدات، بەڵام هەوڵەكانیان شكسی هێناوە و داواكارییەكانی رەتكردۆتەوە.

لە نامەیەكدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەری دۆسیەكەی كردووە نوسیویەتی "تكایە ئەم نامە وا دابنێ كە رەتكردنەوەیەكی فەرمییە بۆ پێشنیازەكەت بۆ من، كە وەك سیخوڕ لە لقێكی هەواڵگری سوپای پاسداران كار بكەم" زيادیش لەوە دەڵێت "لە هەر دۆخێكدا ناتوانن بڕوام بگۆڕن تا بڕیارێكی لەو جۆرە بدەم".

هاوكات لەو نامەشدا ئاراستەی كردووە وتوشیەتی "من سیخوڕ نەبووم، هەرگیز ناشبم بە سیخوڕ، وەهیچ بەلامەوە گرنگی نییە كاربكەم بۆ بەرژەوەندی هیچ رێكخراوێك لە هەر وڵاتێك بێت، كاتێك ئێران جێدەهێڵم دەمەوێت ببم بە ژنێكی ئازاد ژیانێكی سەربەست بەسەر بەرم، نەك لە ژێر سێبەری هەڕەشە و ترساندندا بمێنمەوە". 

مانگی رابردو ژمارەیەك نامەی ناوبراو لە زیندانی ئیڤین لە باڵی  2A دزەی كرد، تێدا باس لەوە دەكات بۆ فشار دروستكردن لەسەری بەرپرسانی بەندیخانە رێگری دەكەن لەوەی كتێب بخوێنێتەوە، هەروەها هەوڵیاندا بوو هاوسەرەكشی بۆ ئێران رابكێشن.

مۆر گێلبەرت لە مانگی نۆی ساڵی 2018 لە فڕۆكە خانەی تاران دەستگیركرا كاتێك دەیویست ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت دوای ئەوەی بەشداریی كرد لە كۆنگرەی حەوتەمی شیعە لە زانكۆی ئەلزەهرا و زانكۆی قوم بۆ ئاینەكان و مەزهەبەكان.

بەرپرسانی ئێران سزای 10 ساڵی زیندانیان بۆ ناوبراو بڕیوەتەوە بە تۆمەتی سیخوڕی كردن بۆ وڵاتێكی دیكە جگە لە ئوستورالیا، بەڵام ئەو بە هەموو شێوەیەك تۆمەتەكە رەتدەكاتەوە.

د.ح
 


PM:05:26:21/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 68460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت