ئاسایشی هەولێر لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەکی یەکێتی لەناو بینای ئاسایش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە



وێستگە نیوز- 
ئاسایشی هەولێر لەسەر گیانلەدەستدانی هاوڵاتیەک لەناو بینای ئاسایش ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هاولێردا هاتووە، "لە دوابەدوای دەست بەسەرداگرتنی بڕی (٦٠) کیلوگرام مادەی هۆشبەر لە لایەن مەفرەزەیەکی ئاسایشەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی کە خاوەنداریەتی مادەکە دەگەرێتەوە بۆ هاولاتی     (مجید برایم عبداللە) ، ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵی ناوبراو لە گوندی سیساوەی سەربە شاروچکەی هەریر.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵی ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی ، کەسێکی تر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیرکرا و بڕێکی تری مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەرداگیرا.

لە کۆتاییشدا ئەوە هاتووە، "بەداخەوە لە رۆژی ١٦/١/٢٠٢٠ ، ناوبراو لەناو بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئاگادار کردنی بەڕێز دادوەر ، تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا".

دەشڵێت، "شایانی باسە تەواوی بەڵگەنامەکان لەسەر ئەم دۆسیە و ڕێکارە یاساییەکان بەردەستن".

مەجید ئیبراهیم پێشمەرگەی لیوای 3ی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە بوە و تەمەنی ٣٨ ساڵ بوو، ماوەی سێ رۆژە لە ئاسایشی هەولێر دەستبەسەر کراوە، کەسوکارەکەشی ناڕەزایی و گومان لە شێوازی مردنی دەربڕی و دەڵێن، " لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە". 

لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری لەسەر دۆسیەکە کردووە. 




PM:09:15:16/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 8424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو