رۆیتەرز: هێزەکانی بەسیج-ی ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەریتانیا خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە
خۆپیشاندەرانی بەردەم باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران
وێستگە نیوز-
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەسیج-ی ئێران خۆپیشاندانێکیان لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران رێکخستووەو داوا دەکەن باڵیۆزخانەکە دابخرێت.
بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، خۆپیشاندانەکەی هێزەکانی بەسیج-ی سەر بە سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەیەکی کورت باڵیۆزی بەریتانیای دەستبەسەر کرد ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانی ناڕەزایی کردووە کە لە دوای دانپێدانانی ئێران بە خستەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە لە تارانی پایتەخت بەڕێوەچوون.
لەلایەکی دیکەشەوە سەرچاوە هەواڵیەکانی ئێران ئاماژەیان بەوەدا، خۆپیشاندەرانی بەردەم باڵیۆزخانەی بەریتانیا داوای داخستنی باڵیۆزخانەکە و دەرکردنی باڵیۆزی بەریتانیا دەکەن و دروشمی " مەرگ بۆ بەریتانیا"یان بەرزکردوەتەوە و باڵیۆزەکە بە پشتیوانیکردنی "پشێوی" تۆمەتبار دەکەن.
هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئێران بە دەستگیرکردنی باڵیۆزەکەیان پێشێلکاری یاسایی کردووە.
باڵیۆزی بەریتانیاش لە ئێران ڕەتیکردەوە بەشداری هیچ خۆپیشاندانێکی کردبێت.
ش . ر
PM:05:16:12/01/2020
ئهم بابهته 2436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت