وردەكاری ئەو كۆبوونەوەی بڕیاری كوشتنی سلێمانی تێدا دەركرا


وێستگە نیوز-
قاسم سلێمانی ماوەی چەند ساڵێكە لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری ئەمریكادایە، بەڵام بەهۆی دوو دڵی لای كۆشكی سپی كاتی زۆر پێ بەخشی تا لە ژیان بەردەوام بێت، بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیارە قورسەكە بدات و كێشەكە یەكلایی بكاتەوە بەهۆی ئەوە كاتێك هەستی كرد تەواو بۆتە مەترسی بۆ سەر وڵاتەكەی.

پلانی كوشتنی قاسم سلێمانی لە هاوینی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە، پاش ئەوەی تاران چەند هێرشێكی لە ناوچەكەدا ئەنجامدا، بڕیاری كۆتاییش هەفتەی پێشوو درا لە دوای هەڵكوتانە سەر بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كە زانیاریە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا دەڵێت قاسم سلێمانی لە پشت ئەو كارەوە بووە.

بە بڕوای بەرپرسانی ئەمریكا، متمانەی لە ڕادەبەدەری سلێمانی رێخۆشكەر بووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی ئەم دواییەی عێراق بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، ئەوەش هەلی ئەوەی بۆ ئەمریكا ڕەخساند لەناوی ببات و كۆتایی بە چیرۆكەكەی بهێنێت.

لە سەعاتەكانی یەكەمی رۆژی هەینیشدا، هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكا، كۆتایی بە سلێمانی هێنا و كە سەرۆكی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بوو، هەروەها بە دووەم گرنگترین كەسایەتی ئێران دادەنرێت لە دوای عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران..
بەرپرسەكانی پێشوو و ئێستای ئەمریكا بۆ ئاژانسی رۆریتەرز ئاشكرایانكردووە كە بڕیاری كوشتنی سلێمانی پاش زنجیرەیەك گفتوگۆ بووە لە ئاستی باڵادا بە درێژایی هەفتەی رابردوو، كە تێدا لەگەڵ گرنگترین ئەندامانی تیمی ئاسایشی نیشتیمانی كۆبۆتەوە كاتێك ترەمپ پشووەكەی لە سەیرانگاكەی تایبەت بە خۆی لە ویلایەتی فلۆریدا بەسەر دەبرد.

زانیاری هەواڵگری

بڕیاری وەشاندنی هێرشە ئاسمانییەكە لە كاتێكدا كە پێشتر بەرپرسانی ئەمریكا رەتیان دەكردەوەك دوای ئەوە هات كە زانیاریە هەواڵگرییەكان لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە باسی ئەوەیان دەكرد كە قاسم سلێمانی پلان دادەڕێژێت بۆ هێرشكردنە سەر دبلۆماتكار و سەربازە ئەمریكییەكان لە عیراق و لوبنان و سوریا و ناوچەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو بەرپرسانە زۆریان لە بارەی ئەگەری هێرشە چاوەڕوانكراوەكانەوە ئاشكرا نەكردووە كە دەیەوێت چ جۆرە هێرشێك ئەنجامی بدات.
هەروەها روونیش نییە كە چۆن ترامپ و هاورێكانی توانیویانە دەنگیان بەسەر دەنگە دژەكانی پێشوودا بۆ ئەو هێرشە سەربكەوێت كە ئەمان بڕوایان وابوو هەنگاوی لەو جۆرە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوین و لەوانەیە هەموو ناوچەكە بگرێتەوە.
كوشتنی سلێمانی لە دوای ماوەیەكی كورت لە گەڕانەوەی دێت لە دیمەشق بۆ بەغدا بە وتەی كۆشكی سپی ئەمریكا، پاش هەفتەیەكی ئاڵۆزی و گرژی نێوان ئێران و ئەمریكا لە ناوی بەغدا و عێراقدا بە گشتی.

لە ماوەی 10 ساڵی پێشوودا سلێمانی بەردەوام بە وڵاتانی ناوچەكەدا گەڕاوە كە زۆرینەیان لە ژێر چاوی هێزەكانی ئەمریكا و  دەزگای هەواڵگریەكەیدا بووە، بە بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە رۆژێك دەكەوێتە ناو ئامانجەكەیانەوە لە كاتێكدا رۆڵی دەگێڕا لە دروستكردنی میلیشیاكاندا كە لە باتی ئەو بجەنگن.

بەرپرسێكی پێشوو لە ئیدارەی ئەمریكا دەڵێت: سلێمانی متمانەیەكی لە سنوور بەدەری هەبوو بە تایبەت كاتێك كەتیبەكانی حزبوڵای عیراقی كارمەندێكی خانەنشینی ئەمریكایان كوشت لە بنكەیەكی سەربازی عیراق.

ئەمریكایش لە وەڵامدا 25 چەكداری ئەو گرووپەی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە سوریا و عیراق كوشت.

ئەو بەرپرسەی پێشوو دەڵێت "سلێمانی پاساوی ئەوەی پێیداین تا بڕیارەكەی خۆمان جێبەجێ بكەین".

بڕیارە گرنگەكە و لەناوبردنی ئامانجەكە

هەروەها چەند بەرپرسێك كە داوایان كردووە ناویان بڵاو نەكرێتەوە ئاشكرایانكرد "بڕیاری كوشتنی سلێمانی، لە كۆبوونەوەیەكدا دراوە كە بەپەلە ترەمپ رێكیخستبوو لە شوێنی حەوانەكەی، بە ئامادە بوونی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری هەروەها رۆبەرت ئۆبریان راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی و ژەنەڕاڵ مارك مێلی سەرۆكی دامەزراوەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا".

بەرپرسێكی تریش وتویەتی: بڕیاری كۆتایی بۆ لەناوبردنی سلێمانی كاتێك روویدا كە میلیشیا شیعەكان سێ شەممە هەڵیانكوتایە سەر بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.

وتوشیەتی "چەند بژاردەیەك هەبوون لەبەردەست ئیدارەی ترامپ، كە بریتی بوون لە بە ئامانج گرتنی سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێرشی ئەلیكترۆنی، بەڵام سەرەنجام بڕیارەكە لە كۆتاییدا لەسەر بە ئامانج گرتنی سلێمانی وەستایەوە".

سەبارەت بەو بابەتە ئۆبران ڕایگەیاند ئەوەی كردیان جوڵەیەكی بەرگری بوو، وتیشی "سەرۆك بڕیارێكی دەركرد كە تەواو روون بوو، هیچ جێی گومان نەبوو".

بەرپرسێكی دیكەیش وتویەتی "سلێمانی لە سەرجەم ناوچەكەدا دەگەڕا بۆ ئاراستەكردنی هێرشكردنە سەر ئەمریكییەكان كە هەواڵگری پێان وابوو لە كۆتایی پلانەكەیدایە و تەنها جێبەجێ كردنی ماوە ئەنجامی بدات".

هاوكات بەرپرسە ئەمرییەكیەكان ئەوەیان بۆ رۆیتەرز باس كردوە كە بەردەوام سلێمانی بە دوژمنێكی گەورەی ئەمریكا دانراوە كە دەستی بە خوێنی ئەمریكیەكان سوورە سەدان سەربازی ئەمریكی كوشتووە بەڵام تا ئێستا ئەمریكییەكان نەیانویستووە بیكوژن.

دەشڵێت: ئیدارەی ترەمپ دەمێكە چاوی لەسەر سلێمانییە و بەر لە رووداوەكانی ئەم دواییەی بەغدا چاوی لەسەر بووە.

هەروها باس لەوە دەكات لە هاویندا كاتێك زنجیرەیەك هێرش كرا ئەمریكا لەو ساتەوە خۆی بۆ ئامادە كردووە و بڕوای وایە سلێمانی لە پشتەوەیە، سەرەنجام دوای كوشتنی كارمەندە خانەنشینەكە ئیتر هیچ هەلێك نەمایەوە بۆ مانەوەی.
 

سەرچاوە "سكای نیوزعەرەبی" 
و: د.ح
 


AM:12:11:05/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 5256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو