گەنجترین سەرۆک وەزیرانی جیهان باسی خۆی دەکات

‌سانا مارین، سەرۆک وەزیرانی فینلەندا و گەنجترین سەرۆک وەزیران لە جیهاندا


وێستگە نیوز- 

لە ئێستادا سانا مارین، سەرۆک وەزیرانی وڵاتی فینلەندا کە تەمەنی ٣٤ ساڵە گەنجترین سەرۆک وەزیرانە لە جیهاندا، لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆیتەرز دەڵێت " منیش مرۆڤم و نمونەیەکی باڵا نیم ". 

رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو سانا مارین لەلایەن پارتی فەرمانڕەوای وڵاتەکەیەوە کرایە سەرۆک وەزیران و دوو رۆژ دواتریش شان بە شانی سەرۆکانی وڵاتانی گەورەی ئەوروپا لە میانی بەڕێوەچوونی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا دەرکەوت. 

کاتێک ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا چاوی بە سانا مارین کەوت زەردەخەنەی بە رووی مارین-دا کرد و بە توندی باوەشی پێدا کرد. 

سانا مارین لە چاوپێکەتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی رۆیەرزدا وتی، " من پێشەنگ و نمونەی باڵا نیم ، رەنگە لای هەندێک کەس وابم بەڵام هەموومان مرۆڤین وەک یەک ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە هەریەکەمان چۆن کار لەسەر پرس و کێشەکان دەکەین، بە بۆچوونی من هەموو کەس بەهادار و گرنگە". 

سانا مارین ئاماژەی بەوە کرد کاتێک لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنیدا بووە دەستیکردووە بە کاری سیاسی و گرنگی بە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا داوە و هەندێک جار کەسانی سەرو خۆی زۆر بایەخیان بە کارەکانی نەداوە. 

مارین جەختی لەوەش کردەوە، هۆکاری سەرکەوتنی ئەو کارکردنە جدیەکەی بووە. 

سانا مارین لە حکومەتی وڵاتەکەیدا لە کۆی ١٩ وەزیر  ١٣ وەزیری ژنن  و لە ئێستاشدا وڵاتەکەی سەرۆکایەتی ئەم خولەی یەکێتی ئەوروپا دەکات. 

لە کۆتایی دیدارەکەدا سانا مارین وتی، " ئێمە هەموومان پێکەوە بەهێزین، کەس لە ئێمە ناتوانێت بە تەنها کێشەکان چارەسەر بکات، ئێمە سەکۆیەکمان هەیە پێویستە بەکاریبهێنین". 


ش . ر 


PM:10:43:14/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 5256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو