خانەقین.. داعش هێرشیکردە سەر پۆلیس


وێستگه‌ نیوز-

ئه‌مشه‌و له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی پۆلیس له‌ ناوچه‌كه‌دا.

سەرچاوەیەک لە ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند چەند چەکدارێکی پاشماوەی داعش لە سنوری گەرمیان، هێرشیانکردوه‌تە سەر پۆلیسی خانەقین، بەڵام تائێستا زیانەکانی ئەو هێرشە نەزانراوە.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینیی رابردوو چه‌كدارانی داعش، له‌ دۆڵی عه‌وسه‌چ، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان قه‌زای خانه‌قین و ناحیه‌ی گوڵاڵه‌، هێرشیكرده‌ سه‌ر سوپای عیراق و شه‌ڕێكی قورس له‌نێوانیاندا رویداوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان، چه‌كدارانی داعش له‌ دوو قۆڵه‌وه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر سوپای عیراق و تائێستاش دوو سه‌رباز و سێ پۆلیسی فیدرالی بریندارن و دووان له‌و برینداره‌كانیش‌ گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی گوڵاڵه‌.

دوای هێرشه‌كه‌ش، سوپای عیراق داوای هاوكاریی له‌ هێزی ئاسمانی عیراق كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانایانه‌وه‌ بچێت و سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندووه‌، تا ئێستا سوپای عیراق داوای هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ نه‌كردووه‌، چونكه‌ شوێنه‌كه‌ له‌ سنوری هێزی پێشمه‌رگه‌ دوره‌.

ماوه‌یه‌كه‌ چه‌كدارانی داعش چالاكییه‌كانیان له‌ سنوره‌كه‌ زیادیكردووه‌ و به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كانیش، چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ له‌ سوریا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ شانه‌ نوستوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ خۆیان رێكخستوه‌ته‌وه‌.


PM:11:06:09/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 4456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت