پرۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت



وێستگە نیوز- 
گرێبەستی خزمەتگوزاری راوێژکاری بۆ پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی هەولێر واژۆکرا و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، پرۆژەیەکی گەرنگ و ستراتیژیە و یەکێک لەگرفتە گەورەکانی شارەکە چارەسەر دەکات.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کە بەشداریی لە رێوڕەسمی واژۆکردنی پرۆژەکەدا رایگەیاند: "خۆشحاڵم کە پڕۆژەیەکی وەها گرنگ و ستراتیژیی لە هەولێر دەستپێدەکات، بەناوی پارێزگای هەولێر سوپاس و پێزانین و ستایش بۆ هەریەک لە حکومەتی ژاپۆن و جایکا و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی شارەوانی، بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە".
 
وتیشی، ئەو پرۆژەیە "پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیە و یەکێک لەگرفتە گەورەکانی شاری هەولێر چارەسەر دەکات. بڕیاروایە بە چوار قۆناخ جێبەجێ بکرێ، ماوەی (77) مانگیش دەخایەنێت، چارەسەری کێشەی ئاوی قورس لە هەولێر دەکات، هەموو مەترسییە تەندروستی و ژینگەییەکان کۆتاییان پێدێت کە لە ئەنجامی رێڕەوی ئەم ئاوەڕۆیە کاریگەرییان لەسەر دەورووبەر و ئاوی ژێرزەویى و کشتوکاڵ دروستکردووە".
 
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند: "وەکو ئیدارەی پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکاری و پشتیوانییەکی پێویست دەخەینە بەردەم کۆمپانیای راوێژکاری و جایکا بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە کاروبارەکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەستەبەر بکەن، داواکارم پرۆژەکەش چ لەڕووی راوێژکاری و چ لەڕووی جێبەجێکردنەوە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو ببێ و هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بە ئامانج بگات".


PM:04:03:09/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 6576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو