وەزارەتی کارەبای هەرێم روونکردنەوەیەکی لەسەر رەوشی کارەبا بڵاوکردەوە



وێستگە نیوز- 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر رەوشی کارەبا بڵاوکردەوەو رایگەیاند، 3580 مێگاوات کارەبا لەکوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت و بەرزترین خواستی بەکارهێنانی کارەبا 6000 مێگاوات کارەبایە. دەشڵێت، "کاتەکانی بوونی کارەبا لەهەرێم بەتێکڕا لەنێوان 9- 12 کاتژمێردایە".

وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەکەیدا رەتیدەکاتەوە "مەترسی" لەسەر پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان هەبێت و دەڵێت، " ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەمەترسی پێدانی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان دەکات رەت دەکەینەوەو وەزارەتمان لەئەوپەڕی هەوڵدایە بۆ باشکردنی رەوشی کارەبا لەزیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، لەم پێناوەشدا لەرێکەوتی 8/12/2019ی ئەم مانگەوە توانیمان بڕی 250 مێگاوات کارەبا لەوێستگەی خۆرمەڵەو 150 مێگاوات کارەبا لە وێستگەی خەبات بخەینە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی یەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەباشی تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبا و سیانە و دابەشکردنی کارەبا بەشێوەیەکی دڵسۆزانە 24 کاتژمێر لەخزمەتی هاوڵاتیانی کوردستاندان". 

هاوکات وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەکەیدا سەبارەت بە دابەشکردنی کارەبا بەسەر شاروشارۆچکەکاندا بەشێوەیەکی "دادوەرانە" نوسیویەتی، "سەبارەت بەهەر گومانێک لەسەر نادادپەروەریی لەدابەشکردنی کارەبا بەسەر شارو شارۆجگەکاندا رەتی دەکەینەوەو هەروەکو پێشتر روونکردنەوەمان داوە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە کە تاکو 30/11/2015 دابەشکردنی کارەبا لەسەر بنەمای یەکسانی کاتەکانی بوونی کارەبا بووە لەهەرێمی کوردستان". 

ئەوەش هاتووە،  "لەدوای 1/ 12/2015 بە پشت بەستن بەداتاکانی مانگەکانی ساڵی 2015 کە تێیدا کاتەکانی بوونی کارەبا یەکسان بوون لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی کە داواکرابوو لەسەر ئەو بنەمایە رێژەی خۆیان پێ بدرێت، هەربۆیە وەزارەتی کارەبا بڕیاری دا کارەبا لەسەر بنەمای رێژە بێت بەئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی کارەبای شارەکان بۆ واژووکردن لەسەر دەرئەنجامی رێژەکان".


ش . ر 


PM:03:29:09/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 5900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو