پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە هەولێر دەست پێدەکات

‌کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکە.. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگای هەولێر

وێستگه‌ نیوز ـ

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، بەئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، کونسڵی گشتی ژاپۆن لە هەولێر و بەرێوەبەری ئاژانسی هەماهەنگی نێودەوڵەتی ژاپۆن (جایکا) لەعیراق، رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی خزمەتگوزاری راوێژکاری بۆ پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیی هەولێر سازکرا.


فرسه‌ت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا رایگه‌یاند: "زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم بۆ باسکردن لە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی، بۆیە دەمەوێت بەناوی پارێزگای هەولێر سوپاس و پێزانین و ستایش بۆ هەر یەکێک لە حکومەتی ژاپۆن و جایکا و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی شارەوانی بکەم، لەوکاتەی کە هەواڵی تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیەم پێگەیشت یەکێک بوو لە هەواڵە زۆر خۆشەکان بۆمن، چونکە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە بۆ خەڵکی هەولێر، بۆیە شانازی دەکەین کە ئەم پڕۆژە ستراتیژیە بۆ ژێرخانی هەولێر دەست پێدەکات".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی: "وەک ئیدارەی پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکاری و پشتیوانی پێویست دەخەینە بەردەم کۆمپانیایی راوێژکاری و جایکا بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە کاروبارەکانی خۆیان بۆ جێ بەجێکردنی پڕۆژەکە دەستەبەربکەن، لەم بارەیەشەوە هەموو دەزگاکانی ئێمە لە خزمەت ئێوە دەبن بۆ ئەوەی هاوکارو پشتیوانتان بن، جارێکی تر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە هەولێر پڕۆژەیەکی گەورە دەست پێدەکات، داواکارم پڕۆژەکە چ لەڕووی راوێژکاری و چ لە رووی جێبەجێکردنەوە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو ببێت و هاوکارمان بن بۆئەوەی بە ئامانج بگات".

پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەولێر کە لەچوارچێوەی قەرزی ژاپۆنی جێبەجێدەکرێت، پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیە و بڕیار وایە بە چوار قۆناغ جێبەجێ بکرێت، کۆی تێکڕای گوژمەکانی دەگاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار کە لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی بەکۆی تێچووی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار و لەماوەی سێ ساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌.

گرێبەستی راوێژکاری کە ئەمڕۆ واژووکرا دەستپێکی ئەم پڕۆژەیەیە و بڕەکەی نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە و ماوەی 77 مانگ دەخایەنێت، ئەم پڕۆژەیە چارەسەری کێشەی ئاوی قوڕس دەکات لە هەولێر بەدروستکردنی هێڵە سەرەکییەکانی ئاوەڕۆی قوڕس بە درێژی 75 کیلۆمەتر، هەروەها دروستکردنی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قوڕس لە دوورایی 11 کیلۆمەتر لە سەنتەری پایتەختەوە کە توانای چارەسەرکردنی (105،000) مەتر سێجای ئاوی قورسی هەیە لە رۆژێکدا، بەتەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە هەموو مەترسییە تەندروستی و ژینگەییەکان کۆتاییان پێدێت کە لە ئەنجامی رێڕەوی ئەم ئاوەڕۆیە کاریگەرییان لەسەر دەوروبەر و ئاوی ژێرزەویی‌ و کشتوکاڵ دروستکردووە و یەکێک لەگرفتە گەورەکانی شاری هەولێریش چارەسەر دەکات.

هــ. ر


PM:02:39:09/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو