وەزارەتی دارایی هەرێم روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە مووچە نەدراوەکان بڵاوکردەوە



وێستگە نیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە مووچە نەدراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوکردەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێم مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و ١٢ مانگی خانەنشینان قەرزدارە.

هەروەها لە روونکردنەوەکەدا نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی نوسیویشیەتی، 'پێتان ڕادەگەیەێنێن، سەرباری ئەوەی كە مووچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی مووچەش هەرچەندە لەسەردەمی ئەم كابینەیەدانەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرپرسیاریەتی هەموویان لە ئەستۆ دەگرێت".

دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم:

ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابوورییەوە

ئەمرۆ پێنج شەممە ڕێكەوتی 5/12/2019، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بەسترا و سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی بودجە و نەوت ئەنجامی ڕێكەوتنی شاندی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشكرا كرد.

لە چوارچێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەدا ڕۆژنامەنووسێكی بەرێز پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی شاندەكە كرد كە حكومەت سێ مووچە قەرزداری مووچە خۆرانی كوردستانە، ئاشكرایە مەبەستی ڕۆژنامەنووسە بەرێزەكە "سێ مووچەی تەواو بوو"  بەڵام سەرۆكی شاندەكە "زانیارییەكەی بۆ ڕاستكردەوە كە سێ موچە نییە بەڵكو مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و ١٢ مانگی خانەنشینان قەرزدارە. هەروەها نە ڕۆژنامەنووسەكە و نە جەنابی وەزیر هیچ ئاماژەیەكیان بە مووچە ناتەواوەكان نەداوە كە بە ڕێژەی جیاواز بە پاشەكەوت دابەشكراون.

بەداخەوە هەندێك كەس بە ئاگایی یان بە بێ ئاگا ڕاستیەكان دەشێوێنن دەیانەوێت لە بەهای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی شاندی هەرێمی كوردستان كەمكەنەوە. پێتان ڕادەگەیەێنێن، سەرباری ئەوەی كە مووچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی مووچەش هەرچەندە لەسەردەمی ئەم كابینەیەدانەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرپرسیاریەتی هەموویان لە ئەستۆ دەگرێت.
 
 
 


PM:07:01:05/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 8088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت