"دۆخی عیراق په‌یوه‌ندی به‌ جەنگی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری بەرهەم هێنانی وزەوه‌ هه‌یه‌"

‌دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی عیراق.. فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ

پەرله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر بۆ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ شه‌ڕی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی وزه‌وه‌ هه‌یه‌".


شوان كه‌ریم زراری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت، مانای ئەوەیە داواکاری خۆپیشاندەران دوور و نزیک پەیوەندی بە خواستی چاکسازی و خزمەتگوزارییەوە نەبووە و خەڵکی عیراق شایستەی خراپترن".

شوان ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-ەوە پەسەند بکرێت، ئەوا گرژییەکان زیاتر دەبن و لە داواکاری خەڵکەوە دەپەڕێتەوە بۆ ملاملانێیەکی توندی سیاسی و تائیفی و مەزهەبی، ئەگەری زۆریش هەیە دەرەنجامی ئەو ملاملانێیەی لە رێیە، عیراق بەرەو دابەشکردن ببات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی بۆ هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌ و له‌و رووه‌وه‌ چه‌ند بۆچوونێكی خستووه‌ته‌ڕوو.

له‌و رووه‌وه‌ ده‌ڵێت، دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرەتای گۆڕانکارییەکانە و کۆتایی رەوشی ئاڵۆزی عیراق نییە بەڵکو:

1. دەستپێکردنی لاوازبوونی چین و روسیایە لە عیراق، چونکە لەمەوە دەردەکەوێت کە ناکرێت رۆڵی ئەمریکا بەهەند وەرنەگیرێت لەکەرتی وزەی عیراق وەک ئەوەی عەبدولمەهدی بە رێکكەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی چیندا ئەنجامی دا کە تەنیا چەند هەفتەیەک لەمەوپێش بوو، هەروەها ناکرێت روسیا لە رێگای کۆپانیاکانی کەرتی وزەوە لە عیراق پێگەی بەهێز بێت، ئەم جەنگە جەنگی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری بەرهەم هێنانی وزەیە.

2- ئەمە سەرەتای سەرکەوتنی خۆپیشاندەران دەبێت، چونکە وازهێنانی عەبدولمەهدی پاڵنەرێکی مەعنەوی دەدات بەخۆپیشاندەران تا داخوازییەکانی دیکە دەست بخەن.

له‌ باره‌ی چارنووسی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان به‌غداو هه‌رێمه‌وه‌، زراری ئه‌وه‌ی وتووه‌:  دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، رەنگە رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا هەندێک دوابخات، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ناردنی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم نابێت.

هــ. ر


AM:09:22:01/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت