ڕۆمانەکەی سەردار عەبدوڵا لە پێشانگای کتێب لە وڵاتی کوەیت قەدەغە کرا



وێستگە نیوز-
رۆمانەکەی نوسەر و سیاسەتوانی کورد سەردار عەبدوڵا لە پێشانگای کتێب لە وڵاتی کوەیت قەدەغەکرا.

سەردار عەبدوڵا، نوسەری رۆمانی "أتيلا.. آخر العشاق"، کە لە سەرەتاکانی ساڵی 2018 دا بە زمانی عەرەبی بڵاویکردەوە، رایگەیاند، دەزگای بڵاوکاری کتێبەکەی ئاگاداریان کردووەتەوە لەوەی رۆمانەکەی لە پێشانگای کتێب لە وڵاتی کوەیت قەدەغە کراوە و ئاماژەیان بە هۆکارەکەی نەداوە.

سەردار عەبدوڵا، بە ماڵپەڕی ئەلحوڕەی عەرەبی راگەیاندووە، " من پێموایە هۆکاری قەدەغەکردنی رۆمانەکە ئاینیە بەوپێیەی رۆمانەکە هەڵگری رەهەندێکی سۆفیانەیە و رەخنەی دەمارگیری و توندڕەوی مەزهەبی و ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات".

سەردار عەبدوڵا، وتیشی، "لەوکاتەی رۆمانەکەی بڵاوکردووەتەوە ئەو جاری یەکەمە قەدەغە بکرێت و کتێبەکە لە چەندین پێشانگای کتێب نمایشکراوە کە لە هەریەک لە وڵاتانی مەغریب و عەمان و سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەچوون".

خولی 44 ەمی پێشانگای کتێب لە کوەیت لە 20 ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووەو هەتا 30 مانگ بەردەوام دەبێت و تێیدا 488 دەزگای بڵاوکەرەوە لە 30 دەوڵەتی عەرەبی و بیانیەوە بەشدارن. 

دیاردەی قەدەغەکردنی کتێب لە وڵاتی کوەیت بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایی ناوەندە رۆشنبیری و چالاکوانان و نوسەران و لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی چوار هەزار کتێب قەدەغە کراون.

جگە لە رۆمانەکەی سەردار عەبدوڵا چەند رۆمانێکی دیکەی جیهانیش لە لیستی قەدەغە کراوەکاندان لە وڵاتی کوەیت، وەک " قەمورەکەی نۆتردام"ی ڤیکتۆر هۆگۆ، رۆمانی "سەد ساڵ تەنیایی" ی گابرێل گارسیا مارکیز، هەروەها چەند کتێبێکی دیکەی نوسەرانی عەرەبی زمان.


ش . ر


PM:04:31:28/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 13216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو