وه‌زیری خوێندنی باڵا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دامەزراوەکانی‌ کەنەدا په‌ره‌پێده‌ده‌ین

‌دیمەنێک لە دیدارەکە..

وێستگه‌ نیوز ـ

وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان رایگەیاند، بەگرنگیەوە ته‌ماشای پەرەپێدانی‌ پەیوەندییە زانستی‌ و ئەکادیمییەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی‌ وڵاتی‌ کەنەدا دەکەن.


ئەو وتانەی‌ د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌، لەمیانەی‌ پێشوازیکردنی‌ لە مەجید دەللـە راوێژکاری‌ بازرگانی‌ کونسوڵخانەی‌ کەنەداو خزر سبیحات، بەرپرسی‌ بەشی‌ بازرگانی‌ کونسوڵخانەی‌ کەنەدا هات، کە راوێژکار و بەڕێوەبەرانی‌ گشتی‌ وەزارەت ئامادەی‌ بون.

لە دیدارەکەدا وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ جەختی‌ کردەوە کە وەزارەتەکەیان خوازیاری‌ پەیوەندی‌ بەرفراوانە لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی‌ کەنەدا، بەتایبەت لە بواری‌ ئاڵوگۆڕی‌ مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و ئەنجامدانی‌ توێژینەوە و پرۆژەی‌ هاوبەش لە بوارەکانی‌ وزەو سامانە سروشتیەکان و دیراساتی‌ جینۆساید و توێژینەوەی‌ کشتوکاڵی‌ و بوارە پزیشکییەکان، هەروەها رەخساندنی‌ دەرفەتی‌ راهێنانی‌ پیشەیی‌ لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ مامۆستایانی‌ زانکۆ.

هەر لە دیدارەکەدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم دووپاتیکردەوە، كه‌ ئەو کەسانەی‌ لە وڵاتی‌ کەنەداوە دەیانەوێت لە زانکۆکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، ئەوان بەخۆشحاڵیەوە هاوکارو پشتیوانیان دەبن، "بۆ ئەمەش زانکۆکانمان هەمو هاوکاری‌ و کارئاسانیەکیان پێشکەش دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی‌ توێژینەوە لە بوارەکانی‌ پەیوەندار بە مێژو و کەلەپوری‌ کوردو رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست ئەنجامدەدەن"، وه‌زیری خوێندنی باڵا وای وت.

وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا وتیشی‌: "هیوادارین وڵاتی‌ کەنەدا دەرفەتی‌ راهێنانی‌ پرۆفیشاناڵ بۆ مامۆستایانمان لە زانکۆکانی‌ کەنەدا بڕەخسێنن، بەتایبەت لەبوارە تەکنیکیەکان و بوارە جیاجیاکان".

لەلایەن خۆشیەوە راوێژکاری‌ بازرگانی‌ کونسوڵخانەی‌ کەنەدا لەپاڵ دەربڕینی‌ خۆشحاڵی‌ خۆی‌ بەم دیدارە، ئاماژەی‌ بە هاوکاری‌ وڵاتەکەی‌ کرد بەمەبەستی‌ هەماهەنگی‌ نێودەوڵەتی‌ بەتایبەت لەبواری‌ توێژینەوەی‌ زانستی‌، بۆ ئەمەش بەبایەخەوە باسی‌ لە گرنگی‌ هاوکاری‌ کەرتی‌ خوێندنی‌ باڵا لە هەرێمی‌ کوردستان کرد.

هــ. ر


PM:03:23:20/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت