نیۆرک تایمز: بەردەوام بریکارێکی ئێرانی لە نوسینگەکەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراق بووە



وێستگە نیوز-
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک کە لە دەزگای هەواڵگری ئێرانیەوە دزەیان کردووە، ئاشکرا بووە تاران توانیویەتی کۆنتڕۆڵی نوسینگەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراق بکات.

بەڵگەنامەکان دەست ماڵپەڕی "ئینتەرسێپت"ی ئەمریکی کەوتوون و رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاویکردوونەتەوە و تێیدا ئەوە ئاشکرا بووە کە ئێران توانیویەتی لە رێی بریکارێکیەوە کۆنتڕۆڵی نوسینگەی سەلیم جبوری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراق بکات.

بەپێی بەڵگەنامەکە دەردەکەوێت کە سەلیم جبوری پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئێرانیەکان هەبووە بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە یەکێک لە دیارترین راوێژکارە سیاسییەکانی سەلیم جبوری بریکارێکی گەورەی دەزگای هەواڵگری ئێران بووە.

بەڵگەنامەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، "ئەو بریکارە لەناو بەڵگەنامەکانی دەزگای هەواڵگری ئێراندا بە "سەرچاوەی 134832 " ناوی هاتووە، ئەو بریکارە بە فەرماندەیەکی ناو دەزگای هەواڵگری ئێرانی وتووە ئەو بەشێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە لەناو نوسینگەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراقدا بووە و زۆرکاتیش گوێی لە پەیوەندییە تەلەفونیەکانی نێوان سەلیم جبوری و ئەمریکییەکان گرتووە".

بەپێی بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان "بەردەوام ئەو بریکارە دەسەڵاتدارانی ئێرانی لەو ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ جبوری هەبێت بۆ ئەوەی ببنە رێگرێک لەبەردەم هەوڵەکانی ئەمریکا کە ویستوویەتی لەوکاتەدا پەیوەندیەکی باش لەگەڵ سوننەکانی عیراق دروست بکات". 

لای خۆشیەوە سەلیم جبوری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراق ئەوەی رەتکردووەتەوە یەکێک لە فەرمانبەرانی نوسینگەکەی بۆ ئێران کاری کردبێت و وتوویەتی، " من متمانەم بە راوێژکار و یاریدەدەرەکانم هەبووە". 


ش . ر


PM:04:51:18/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 6312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت