18ـی ئەم مانگە فیستیڤاڵی گۆرانی و موزیکی کوردستان لە ھەولێر‎ بەڕێوەدەچێت


وێستگە نیوز- شیڤان شێرزاد

بەشی ھونەرەکانی موزیکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ھەولێر، لە 18 -19-20ـی ئەم مانگە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە ھەولێری پایتەخت گەورەترین کەرنەڤاڵی گۆرانی و موزیک بە بەشداری 8 تیپی موزیکی لە چوار پارچەی کوردستانەوە لە ھۆڵی ڕۆشنبیری ھەولێر ساز دەکات.

لەم بارەیەوە سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری ھەولێر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕایدەگەیەنێت، کەوا ئەم ساڵ دووەمین خوولی فیستیڤاڵی موزیک پڕ دەبێت لە ئاوازی جوان و مۆرکی کوردەواری و جارێکی تر ھەولێر بە ئاوازە شیرینەکانی شاد دەکەینەوە.

ھاوکات ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەشڵێت: ئامانجی ئێمە لە سازدانی ئەو فیستیڤاڵە لەیەکتر نزیکردنەوەی گرووپە موزیکیەکانی ڕۆژھەڵات و باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ھەموو گرووپە موزیکیەکانە، لەو فیستیڤاڵەشدا داھێنانی خۆیان دەخەڕوو لە بواری موزیکدا، بەمەش ھەولێر کەشێکی پڕ لە موزیکی جوانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو 3 ڕۆژەش ھەولێر پڕ دەکەین لە موزیکی ڕەسەنی کوردی.

گرووپی موزیکی ھەولێر
گرووپی موزیکی ھەولێر سەر بە بەشی ھونەرەکانی موزیک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری وھونەری ھەولێر، دوای ئەزموونێکی بەرچاو لە بەشداربوون لە فیستیڤاڵە ناوخۆییەکان و بەشداربوون لە وڵاتانی دەرەوە ئێستا سەرگەرمی خۆ ئامادەکردنە بۆ سازکردنی ئەو فیستیڤاڵە موزیکیە، کە وەزارەتی ڕۆشبیری و لاوان ئەنجامی دەدات، لە چوارچێوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەو فیستیڤاڵەشدا ھونەرمەندانی ھەولێر، داھێنانی خۆیان لە بوارەکە پێشکەش بە ئامادەبووانی ھۆڵەکە دەکەن.

کۆما سەرخۆبوون لە ڕۆژئاواوە میوانە
 (کۆما سەرخۆبوون) گرووپێکی ھونەرییە و لە ژمارەیەک ھونەرمەندی بەشداربوو پێکدێت، کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و پیشەگەرانە ھەوڵدەدەن سترانی نیشتمانی و فۆلکلۆری کوردی لە ڕێگەی ئامێری ساز و ئاوازی تایبەت بڵاوبکەنەوە و ھەست و گیانی نەتەوایەتی لە گوێی بینەران بزرینگێننەوە.

ئەو گرووپە لە ساڵی 2015 دامەزراوە و یەکەم ئەلبوومی خۆشیان لە ساڵی 2016 بە ناوی (پەنابەرم) بڵاوکردەوە و لە 2017ـش دووەمین بەرھەمی خۆیان بە ناوی (ھیواکانی ئازادی) بڵاوکردەوە، ئەمساڵیش وەک نوێترین بەرھەمی 2019 سێیەمین ئەلبوومیان بە ناوی (کورد سوارێن ڕۆژھەڵاتێ) بڵاوکرایەوە، تا ھەنووکەش توانیوویان چەندین بەرھەمی گۆرانی کلیپ بکەن بە ناوەکانی (ڕۆژا سەرخۆبوونێ، شیفا گەردی، پەنابەرم، دەرکەڤە ژ کوردستانێ)، ھاوکات چەندین کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکیان سازکردووە.

کەرکوک
تیپی مۆسیقای کەرکوک بریتیە لە تیپێکی ڕۆژھەڵاتی و شێوازی کوردی، لەساڵی 1992 دامەزراوە و بەبێ دابڕان توانیوویەتی چەندین بەرھەمی ھونەری خۆی پێشکەش بکات، جگە لە بەشداریکردن لە چەندین فیستیڤاڵ و دیداری ھونەری دا.
ئەو تیپەی کەرکوک، لە چەند ژەنیارێکی بە توانا پێکھاتووە و ئامانجیان زیندووکردنەوەی بەرھەمە ڕەسەنەکانی گۆرانی کوردییە.

گرووپی موزیکی لوور
(گرووپی موزیکی لوور)، لە ساڵی 2008 لە شاری سلێمانی دامەزراوە، مۆڵەتی فەرمی لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێدراوە.

گرووپەکە لە 12 ئەندام پێکھاتووە، کچان و کوڕانی ئەندام لەو گرووپە توانیوویانە چەندین چالاکیی ھونەری ئەنجام بدەن، ئێستایش خاوەنی بارەگا و ستۆدیۆی تایبەت بە خۆیانن، تا ئەمڕۆش توانیوویانە 60 کلیپی گۆرانی و موزیک پێشکەش بکەن، جگە لە بەشداربوون لە فیستیڤاڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا و تۆماکردنی سروودی نیشتمانی و کردنەوەی چەند خوولێکی فێرکاری مۆسیقا بەشێوەیەکی زانستیانە.

گرووپا ئاوازا سەرحەدێ
گرووپی (ئاوازا سەرحەدێ) لە شاری وان لە باکووری کوردستانە و لە ساڵی 2005 لە سەردەستی ھونەرمەند (سەفرەت)ـەوە دامەزراوە و بەشداری لە فیستیڤاڵەکانی باکوور و دەرەوەدا کردووە.

تیپی روبادی موزیکی
تیپی ھونەری (روباد یا موزیکی)، لە ساڵی 1983 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیکی دھۆکی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە و لە دوای ساڵانێکی وەستان لە کاری ھونەری لە ساڵی 2005 نوێکراوەتەوە.

بەشداری لەو فیستیڤاڵانەدا کردووە (گوڵبەھار 2005، ئەیاز و ئەردەوان 2006)، (فیستیڤاڵی گۆرانی و موزیک لە ھەولێر لە ساڵی 2005)، بەشداربوون لە 5 کەرنەڤاڵی بە پارێزگابوونی شاری دھۆک و ئاھەنگەکانی نەورۆز و ئادار و بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی گۆرانی لە ساڵی 2012دا و تۆماکردنی 9 کلیپ و سروودی نیشتمانی.

ھەڵەبجە
گرووپی موزیکی ھەڵەبجە لە ساڵی 2003 لەسەر دەستی چەند ژەنیارێکی بە توانای ئەو پارێزگایە نوێیە دامەزراوە، بەشداریان کردووە لە زۆربەی کارە ھونەرییەکانی نێو کوردستان و بۆنە نەتەوایەتیەکاندا بەشداربووە، ھاوکات چەندین چالاکی لە بواری موزیکدا لەسەر ئاستی کوردستان پێشکەش کردووە.

تیپی موزیکی ڕووناک
ئەو گرووپە بە سەرپەرشتی (کەیوان عەلی محەمەد) لەگەڵ دەستەیەک لە خانمان و گەنجان، لە ساڵی 2001 دامەزراوە، بەشێوەیەکی فەرمی و سەرەتایی دەست بەکاربووە، ئەو گرووپە لە ئێرانەوە، چەندین مۆسیقای کلاسیکی و نەتەوەیی ئێران، مۆسیقای پاپی ئێران، مۆسیقای میللی ئێران) ئەنجام داوە، جگە لە سازکردنی زنجیرەیەک کۆنسێرت لە وڵاتانی (فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەمسا، ڕوسیا، ئیسپانیا، کوێت، بەحرێن، مالیزیا).


PM:02:39:13/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو