عەلی حەمە ساڵح بۆ شاسوار عەبدولواحید: هیوادارم لە زووترین كاتدا داواكاری پێشكەش بكەیت



وێستگە نیوز-
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەبارەی پرۆژەكەی ناوبراوەوە بۆ خۆڵ و خاشاك دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، هەر وەبەرهێنەرێك مۆڵەتی هەر پرۆژەیەكی پێبدرێت پێویستە پێداچونەوە بە پرۆژەكانیدا بكرێتەوە.

عەلی حەمە ساڵح، لەمیانی تەحەدای پرۆژەیەكی (شاسوار عەبدولواحید) لەبارەی فرێدانی خۆڵەوە كە داوای كردبوو رێگەی پێبدەن كۆمپانیایەكی پرۆفیشناڵی تایبەتمەند بانگهێشتی كوردستان بكەن تاوەكو خۆڵی ماڵان كۆبكاتەوە و پرۆژەی ریسایكلین لە شارەكانی هەرێم دروست بكات، دەڵێت"هیوادارم كاك شاسوار ئەم پرۆژەیە پێشكەش بكات".

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویەتی"پاش ئەوەی كاك شاسوار عەبدولواحید، وتی: خاشاكی هەموو ماڵەكانی كوردستان كۆدەكەمەوەو هەر ماڵێك 5 هەزاری پێدەدەم مانگانە و و دواتر ڕیساكلین دەكات، ئەم پرۆژە گرنگە، بەدواداچونم كرد بۆ جێیەجێكردنی، بەڵام هیچ داواكاریەك پێشكەش بەدەستەی وەبەرهێنان نەكراوە، هیوادارم لە زووترین كاتدا كاك شاسوار داواكاری تایبەت بەم پرۆژە پێشكەش بكات".

عەلی حەمە ساڵح لە لاپەڕەی فەرمی خۆی نوسیویشیەتی"لە ئەگەری پێشكەشكردنی داواكاری و ئامادەی بۆ جێیەجێكردنی مەرجەكان، من خۆم بە دواداچون بۆ سەرخستنی پرۆژەكە دەكەم، من قسەم لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كردووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە، لەسەر وەبەرهێنەریش پێویستە ئامێرو ئامرازی پێویست بۆ كۆكردنەوەو ڕیسایكیلین دابین بكات و لەئەگەری جێبەجێنەكردنی سزای یاسایی دەكەوێتە سەر".

هەروەها دەشڵێت"پێشنیازێكی ئێمەش هەیە بۆ وەبەرهێنان، هەر وەبەرهێنەرێك مۆڵەتی هەر پرۆژەیەكی پێبدرێت، پێویستە پێداچونەوە بە پرۆژەكانیدا بكرێتەوە، ئەگەر كاری نایاسایی كردبوو پێویستە چاكی بكاتەوە".

لەماوەی رابردوودا، (شاسوار عەبدولواحید) لەبارەی وەرگرتنی بڕی 5 هەزار دینار لەلایەن حكومەتەوە لە هاوڵاتیان لەبەرامبەر فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، لەژێر ناوی (تەحەدای حكومەت و بەرپرسانی هەرێم دەكەین) وتبوی"لە بری ئەوەی ماڵێك پێنج هەزار(5) هەزار دیناری لێ وەربگیرێت لە بری خۆڵ فڕێدان، ئەوا تەحەدای حكومەت دەكەین كە ڕێمان بدەن كۆمپانیایەكی پرۆفیشناڵی تایبەتمەند بانگهێشتی كوردستان بكەین و خۆڵی ماڵان كۆبكاتەوە و پرۆژەی ریسایكلین لە شارەكانی هەرێم دروست بكات (دور لە دزی و شەریكایەتی بەرپرس) و لە بری ئەوەی پارە لە هاوڵاتییان وەربگرێت،ئەوا مانگانە بڕی پێنج هەزار (5) هەزار دینار دەداتە هەر خاوەن ماڵێك لە بری وەرگرتنی خۆڵ و خاشاكی ئەو ماڵە(بەس بەو مەرجەی جۆری جیاوازی خۆڵەكان بكەنە ناو سەتڵی جیاواز كە بۆیان دابیندەكرێت).


PM:07:01:09/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 14260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت