چەند سەرنجێک لەبارەی زەویی پلاستیک

‌زەویی پلاستیک کتێبێکی شیعری دیار لەتیف-ە.


وێستگە نیوز- 

نوسینی : عەدنان محەمەد

زەوی پلاستیک جۆرێک لەبازدان لە شیعر، لە زەوی پلاستیک چیتر شیعر لەو قاوغە کۆن و سواوەدا نامێنێتەوە کە هەر کەسە و هەستێ زۆر سانا پەتی خۆی لە ملی شیعر بنێ. چیتر شیعر کائینێکی ڕامکراو نابێ، چیتر شیعر نە داخوازیەکی بۆرجوازیانەیه؛ نە حەماسێکی ناسۆنالیستانە.  

زەوی پلاستیک هەڵگری فۆرمێکی نوێیە.

زەوی پلاستیک جۆرە شیعرێکمان پێ دەناسێنێ؛ کە نامانەوێ بیناسین، جۆرە دیمەنێکمان پێ نیشان دەدا؛ کە نامانەوێ بیبینین. "دیار لەتیف"؛ هەڵگری دەنگێکی تازەیە بۆ شیعر، دەیەوێ لە ڕێگەی شیعرەوە دیمەنێکی قۆناغێکمان پێ نیشان بدا، کە هێشتا یان نامانەوێ بیبینین یان درکمان بە بینینی نەکردووە. زمانێک دەهێنێتە بوون هێشتا تۆویەکە لە ژێر ئەدەبی کۆندا چەکەرەی نەکەردووە،  دیار؛ ئەو زمانە دەتەقێنێتەوە.

شیعر وەک ژانرێکی ئەدەبی دەیەوێ   لە ڕێگەی زمانەوە هەست و نەستی نوسەرمان بەروودا بکاتەوە.

ئەویش بەکارهێنانەکانی سیمبول دەبنە کلیلێ تا بەرەو قوڵایی دەقدا ڕۆبچین.

هەر لە ناونیشانی دیوانەکە؛(زەویی پلاستیک). ڕووبەڕووی جۆرێک لە بەدگۆڕان دەبینەوە، ئەم زەمینەی تێیداین بە کۆلاژ بوە لە ڕۆح و جەستەوە بۆ سلیکۆن و پلاستیک.

دیار نایەوێ واقیعمان پێ نیشاندا، نایەوێ وەسفی شار و ژیانمان بۆ بکا، ئەوەندەی ویستوویەتی تەنیا دەقاودەق گواستنەوەی دیمەنێکە؛ کە هێشتا چاوێکی وەهامان نەبووە بە کراوەیی بیبینین.

زەوی پلاستیک نۆبەرەی لە دایکبونێکە، کە شیعر دوای ژان و کۆت و بەندێکی زۆر  هێناویەتییە بوون.

زەوی پلاستیک کتێبێکی شیعری دیار لەتیف-ە، لەسەر ئەرکی خۆی لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە، لە باشوری کوردستان بڵاویکردووەتەوە و لە کتێبخانەی شاروشارۆچکەکان دەستدەکەوێت. 


PM:08:25:08/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 5444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو