"منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم‌"ـی پێشەوا کاکەیی، چاپی دووەمی بڵاوکرایەوە



وێستگە نیوز-
 
 ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠، نووسراون، ساڵی ٢٠١١، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی دیلان لە سلێمانی چاپ کراوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە ١٦ شیعر و چامە، لەگەڵ تەوەرەیەک لە بەشی دووەمی توێژینەوەیەکی زانستگە، لە لایەن: «هیوا ئەکرەم عومەر و ڕابەر محەمەد محەمەدەمین»ـەوە، بەنێوی: «چەمکی گوڵ، لە دیوانی: (منم، دیدەوانی گوڵ دەکەم)ـی پێشەوا کاکەییدا.» بۆ ساڵی ٢٠١٨- ٢٠١٩، لە زانستگەی ڕاپەڕین. هەروەها، دیار لەتیف: ڕانانێکی بۆ کردووە، بەنێوی: «چەمکی ڕوانین، لە (منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم)ـی پێشەوا کاکەییدا.»  ئەم پەرتووکە: ١٣٤ لاپەڕەیە؛ کە کاری ڕێنووس و هەڵەچن: وشیار عەلی، بەرگ: ئیبراهیم ساڵح، ئەنجامیان داوە. هەروەها، بۆ جاری دووەم، لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی، ساڵی ٢٠١٩، لەسەر ئەرکی خۆی چاپ کراوەتەوە.
 
 ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم: لەمەڕ دونیای ڕۆحانیی و هەبووێتی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. ڕوانینە لە جیهانبینی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لەپێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لەپێناو خواستەکانیدا، هەبووێتی دیکە وەک پێویستیی بۆ هەبووێتی خۆی تەماشا دەکات. لەمبارەوە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەیدا، دەڵێت: «گوڵ، ئەو ڕۆحە موقەددەسەیە، کە وەک گشت ڕۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ ڕاوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان. ئەوە گوڵە هەمیشە فەرامۆشیمان دەداتێ، وێنەى بەهەشتمان نیشان دەدات. گوڵ شوێنگەى خۆی ڕازاوەیە و دەروونى مرۆڤەکانیش ئاسوودە دەکات؛ ئه‌گەرچی هەر گوڵە، دەبێتە شەهید و ئەنفالی «زیندەبەچاڵ»ـى دەستى مرۆڤەکان.»
 
 «هیوا ئەکرەم و ڕابەر محەمەد» لەبارەی چەمکی گوڵ لە توێژینەوەکەیاندا، لە ئەنجامەکەیدا دەڵێن:
  دوای نووسینی ئەم توێژینەوەیە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە:

گوڵ و مرۆڤ هەردووکیان خاوەنی هەمان ڕۆحن، کە خودا پێی بەخشیون، پێکهاتەی دروستبوونی هەردووکیان لە خاک و ئاوە؛
پێشەوا کاکەیی، بە شێوازێکی جیاواز لە هەموو شاعیرانی قۆناغەکانی دی لە گوڵ دەڕوانێت و نایەوێت گوڵ بکاتە قوربانی لە پێناو یارەکەیدا، بەڵکوو ئەو دەیەوێت سروشتی گوڵ وەک خۆی بمێنێتەوە؛
چەمکی گوڵ لای شاعیرانی کورد لە هەرسێ قۆناغی کلاسیکی، نوێگەری و ‌هاوچەرخدا بە یار چوێنراوە؛

پێشەوا کاکەیی لە دیوانی «منم، دیدەوانيی گوڵ دەکەم»ـدا لە گۆشەنیگای تایبەتيی خۆیەوە و بە هەستێکی مرۆڤدۆستانەوە لە گوڵ دەڕوانێت.
 «دیار لەتیف» لە چەمکی ڕوانین لە منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەمی پێشەوا کاکەییدا دەڵێت:

 لەم خاڵەوە، پشکنینە وێژەییەکە دەست پێ دەکات، واژەی گوڵ وەک گوزارەیەک، ڕەهەندی جوایەز دێنێتە گۆڕێ، لەوێوە کێبڕکێ و تێپەڕاندن و دەستکارییەکان و  دونیابینین دێتە ئارا و بۆچوونێکی نوێ سەربار دەخرێت. واتە ئەمە ڕوانگەیەکی ترە بۆ چەمکی گوڵ؛ (گوڵ) جارێک تەسەووفانە و جارێکیش ژینگەدۆستانە و ئەوجاریش مرۆدۆستانە مژار دەکرێت.

 پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەند کتێبێکی شیعرییە، هەروەها خاوەن پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرە/ڕێ» کە کارنامەکەی لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:
۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.

شاعیر، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاکوو ئێستا، چوار پڕۆژەی نووسیوە، ساڵی ۲۰۱۸، لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون، بە نێوی: «ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»
پارچە شیعرێک لە کتێبەکەی منم دیدەوانیی گوڵ دەکەم:
 
ئەى گوڵ! تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لەش جـیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانى بۆ یارەکەم!
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى ئه‌و؛
دەستێکم بە قەدتەوە،
تا دڕکەکانت بە پەنجەمدا بچن و خوێناوى بن،
دەستێکیشم به‌ ڕەگوڕیشەى نێو خاکته‌وه بێت‌.
تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
دیدەوانیيت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،
تا ئەو ساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛
تا خودا، بەرەو مەرگت ڕادەکێشێت.


PM:08:50:07/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو