دوو لەسەر سێی داواكارییەكانی مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا رەتكراونەتەوە


وێستگه‌ نیوز

به‌پێی ئامارێكی ئۆفیسی کۆچبەرانی ئەڵمانیا، دوو لەسەر سێی ئه‌و داواكارییانه‌ رەتکراونەتەوە کە په‌نابه‌ران بۆ وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی لەو وڵاتە پێشکەشیان کردوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی بیڵد-ی ئه‌ڵمانیا، ئەمساڵ تا كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم 110 هەزار داواكاریی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا پێشكەشكراون، به‌وته‌ی هان ئیكارد سۆمەر، سەرۆكی ئۆفیسی كۆچبەر و پەنابەرانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیاش، تەنها 35% بۆ 38%ی داواكارییەكانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی قبوڵكراون، واتە دوو لەسەر سێی ئەوانەی ئەمساڵ كۆچیان كردووە بۆ ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتییان پێ نادرێت.

پێشبینیشی كردوه‌ تا كۆتایی ئەمساڵ ژمارەكە بگاتە 140 بۆ 145 هەزار داواكاری پەنابەرێتی، بەو شێوەش كەمتر دەبێت لە ئاماری ساڵی 2018 كە نزیكەی 160 هەزار داواكاری بوو.

لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەی داواكارییەكان، هان ئیكارد سۆمەر دەڵێت، "ئەو كەسانەی داواكاریی مافی پەنابەرێتی پێشكەش دەكەن هیچ بناغەیەكیان نییە بۆ قسەكانیان و زۆربەی ناڕاستن."

مانگی نیسانی ڕابردوو، حكومەتی ئەڵمانیا چەند بڕیارێكی لەبارەی كۆچبەرانەوە دەركرد كە پڕۆسەی دیپۆرتكردنەوە خێراتر دەكات و دەسەڵاتی ناوەندەكانی كۆچ و كۆچبەرانیشی زیادكردوە لەوەی دەتوانن مۆبایل و ئامێرە تەكنەلۆجییەكانی كۆچبەر بپشكنن بۆ دیاریكردنی ناسنامەی تەواوی كۆچبەر.

لەدوای بڕیاری ساڵی 2015ی ئەنگێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بۆ كردنەوەی دەرگا و وەرگرتنی یەك ملیۆن كۆچبەر، لە چەند ساڵی رابردودا ژمارەكە كەمی كردوە.


PM:11:28:05/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت