سەردار عەبدوڵا: پێویستە کورد تیمی بەهێزی هەبێت لە هەمواری دەستووری عیراقدا

‌سەردار عەبدوڵا

وێستگە نیوز- 
لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەدا سەردار عەبدوڵا، وەک سیاسیەکی سەربەخۆ، لەسەر خۆپیشاندانەکانی عیراق و ئەگەری لابردنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیران و هەموواری دەستوری عیراق و دۆخی ناوچەکە و کاریگەری خۆپیشاندانەکان لەسەر هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی وێستگە نیوز دەداتەوە.
 
چاوپێکەوتن: شەیدا رەئووف
 
 
وێستگە نیوز: خوێندنەوەت بۆ خۆپیشاندانەکانی عیراق چیە؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانەکان توڕەیی و بێزاری و بێتاقەتی خەڵکە لەو چینە سیاسیە شکستخواردووەی دوای رووخانی سەدامەوە نەیانتوانیووە مۆدێلێکی سیاسی سەرکەوتوو دابین بکەن، گەندەڵیەکی زۆر زۆر هەیە، قەبارەی گەندەڵی لە عیراقدا لە دەرەوەی ژمارە باسکراوەکانە و زۆر خەیاڵیە ، خەڵک توڕەیە  بێکارە، خزمەتگوزاری نیە، کارەبا و ئاوی نیە، ئازادی تاکەکەسی نیە، گەنجی ئەم عیراقە لەسەر مۆدێلی قژیشی کوژراوە، کە بکوژەکانی لایەنگرانی ئەو رەوتانەن کە ئێستا سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بوون، خەڵکی عیراق توڕەییەکەی گەیشتووەتە تینی و دابەزیونەتەوە سەر شەقامەکان.
 
بەڵام گرنگە ئەوەش بڵێم تورەیی و بێتاقەتی خەڵک رەوایە، بەڵام ئەوە زلهێزەکانی دونیان بڕیاری لێ ئەدەن چۆن ئەکەوێتەوە لە مەودوای دووردا، لە سوریا بۆ ئەوەی هێزێکی وەک ئیخوان نەیەتە حوکم کە لەو کاتەدا لە ناوچەکەدا بەهێزببون، نوسرە و داعش دروستکرا، دوای هەشت بۆ نۆ ساڵ لە وێرانکاری و ئاوارەیی و شەڕی ناوخۆ ئەسەد هەر لە حوکم مایەوەو هیچ شتێک نەگۆڕا، چونکە کەوتە سەر ئەوەی دەوڵەتە زلهێزەکان بەرژەوەندیان لە چیدا بوو، دەوڵەتە زلهێزەکان هانی خەڵکی وڵاتێک نادەن بۆ خۆپیشاندان ، ئەوەی دادەبەزێتە شەقام خەڵکە بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی هەلەکە دەقۆزێتەوە ئەوە خەڵکە گشتیەکە نین، دەوڵەتان و زلهێزەکان  و لایەنە سیاسیەکانن. 
 
وێستگە نیوز: ئێستا ئەوەی لەناو مەیدانی عیراقدا قسەو باسی لێ دەکرێت پرسی لابردنی سەرۆک وەزیرانی عیراقە، لابردنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی کێشەکانی عیراق چارەسەر دەکات؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: موقتەدا سەدر چووەتە لای ئێرانیەکان بۆ ئەوەی ئێرانیەکان رازی بکات بە لابردنی عادل عەبدول مەهدی ، لە پەیامێکیشدا هادی عامری ئیحراج کرد بەوەی داوای لێ کرد پێکەوە کاربکەن، 
 
لابردنی عادل عەبدولمەهدی کێشەکان چارەسەر ناکات، چونکە ئەو راستە سەرۆک وەزیرانە بەڵام هەموو وەزیرەکان موقتەدا سەدر و هادی عامری بۆیان داناوە ، پلانەکانی حکومەت ئەوان نەیانهێشتووە جێبەجێی بکات، ئەوان نەیانهێشتووە چاکسازییەکان جێبەجێ بکات ، ئەوان رێگر بوون لە کارەکانی حکومەت، سەدر و عامری و گروپی سەر بە ئەوان و نزیک لە ئەوان ویستوویانە نیشانی بدەن کە عادل عەبدولمەهدی دۆستایەتی لەگەڵ کورد هەیە و لە بەلاش پارە بۆ کورد دەنێرێت.  
 
وێستگە نیوز: بە بۆچوونی تۆ هۆکار چیە لە ماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر چووە ناو خۆپیشاندەرانی عیراقەوە؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: ئەمەوێ زۆر بە روونی ئەوە بڵێم موقتەدا سەدر بە دیاریکراوی ئەم کارە بۆ ئەوە دەکات بە بەردەوامی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان ببێت، وەک چۆن جاری رابردوو هەڵبژاردنی پێ بردەوە ئەمجارەش هەڵبژاردنی پێ بباتەوە،  سواری شەپۆلەکە ئەبن و بەکاریئەهێنن بۆ مەرامی تایبەت و حزبی. 
 
دووەم ئامانجی موقتەدا سەدریش ئەوەیە دەیەوێت هەر هەوڵێک هەیە بۆ چاکسازی پەکیبخات.

وێستگە نیوز: بە لابردنی عادل عەبدولمەهدی دۆخی عیراق دەنیشێتەوە؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: لە ئێستدا زۆر زووە بڵێین دۆخەکە نیشتۆتەوە، تێگەیشتنێکی گێلانەیە پێمان وابێت بە دەستلەکارکێشانەوەی دۆخی عیراق دەنیشێتەوە، ئەوەی بڕیار ئەدا ئەم خۆپیشاندانانە دەنیشنەوە نە عامریە و نە سەدرە ئەوەی بڕیار دەدا ئەوەیە کە لە پشت خۆپیشاندانەکانەوەیە ، ئەمریکاییەکان و خەلیجیەکانن ، ئەگەر ئەوان بڕیار بدەن کە عادل عەبدولمەهدی دەست لەکارنەکێشێتەوە دەتوانن سەدر و عامرییش تێکبشکێنن.
 
وێستگە نیوز: کاریگەری دۆخی ناوچەکە لەسەر عیراق چیە؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: نابێ ئێمە دۆخەکە بە دابڕاو لە دۆخی لوبنان و ناوچەکە و ئەو دۆخە تازەیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە سەیریبکەین، بە بێ خوێندنەوەی هاوبەش و بەستنەوەیان بە یەکترەوە تێگەیشتنێکی ناتەواو و ناتەندروستمان دەبێت بۆ دۆخی عیراق.
 
وێستگە نیوز: بە دیاریکراوی کاریگەری لابردنی عادل عەبدولمەهدی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رێککەوتنەکان چی دەبێت؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: ئەم ناسەقامگیریە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو لێکنزیکبوونەوەیەی هەولێر و ناوەند کە ئەمریکاش پشتگیری دەکرد و بە چاودێری و ئاگاداری ئەمریکا بەڕێوەدەچوو، هەر بوونی ناسەقامگیری لەم تەوقیتەی ناوچەکەدا خۆی کاریگەری دەبێت و زیانی دەبێت، هاوکات لەدەستدانی دۆستێکی باش و دێرینی وەک دکتۆر عادل لە حوکم خۆی بۆ خۆی زیانە، کورد دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات، ئەوەش بەوە دەستپێدەکات چوارچێوەیەکی هەبێت، بەم رێگەیەی لایەنە کوردستانیەکان هەندێ جار دژی یەکن و ناکۆکن و دابەشبوون بەسەر هێزە ئیقلیمیەکاندا، ئەمە کورد تووشی ئەوە دەکات ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات، لەو رووداوانە ئەگەر پێکەوەبین و یەک پلان و یەک ستراتیژی هاوبەشی بەهێزمان هەبێت رەنگە بتوانین سودیش لە دۆخەکان ببینین.
 
وێستگە نیوز: لە ئەگەری لابردنیدا کورد دوای قۆناعی عادل عەبدولمەهدی پێویستە چۆن مامەڵە بکات؟
 
سەردار عەبدوڵا: ئەوە دەکەوێتەوە سەر کورد خۆی ، ئەگەر دکتۆر عادل ئیستیقالە بکات و حکومەت هەڵوەشێتەوە دواتر حکومەتی نوێ بەبێ کورد پێکنایەت، لە پێکهێناوەوەی حکومەتدا کورد دەتوانێت کۆمەڵێک رێککەوتن و مەرجی باشتر بسەپێنێت وەکو جاری پێشوو نەکات، کە لەسەر سەرۆک کۆمار بووە ناکۆکی و نوێنەرانی کورد تووشی شکستی گەورەیان کردین، با باشتر مەبەستەکەم روون بکەمەوە دوای ریفراندۆم گەمارۆی سیاسی خرایە سەر هەرێم بەڵام دوای هەڵبژاردن حکومەت و لایەنە سیاسیە عیراقیەکان کاتێک لەناو عێراقدا ئیشیان پێمان بوو بۆمان گەڕانەوەو وتیان ئێوە ئەمرتان بەچیە گەمارۆیان لادا و بە باشتریش  گەڕانەوە بۆ لامان، کەواتە لەم دۆخەی ئێستاشدا دەتوانین مەرجی زۆر باش بەسەر حکومەتی تازەی عیراقدا بسەپێنین. 
 
بەڵام بەم شپرزەییەی کورد و بەو نوێنەرایەتیە لاوازەی کورد هەیەتی زەحمەتە بتوانین مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ دۆخەکە بکەین ، ئەگەر کۆک بین و  کاری پێکەوەیی بکەین و تیمی بەهێز و کارەکتەری بەهێزمان لە بەغدا هەبێت دەتوانین دەستکەوتی زۆر باش بەدەستبهێنین لە دووبارە پێکهێنانەوەی حکومەت لە هەموو سێکتەرەکانی بودجە و مووچە و رێککەوتنی زۆر باش و ناوچە دابڕێنراوەکان و پرسەکانی دیکەی تایبەت بە کورد.

وێستگە نیوز: مەترسیەکانی گۆڕینی دەستور لەسەر کورد چین؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: گۆڕینی دەستور دوولایەنەیە، هەم لایەنی باشی و هەم لایەنی خراپ ، ئەو بابەتە پەیوەستە بە تەوازوناتەوە  ئەگەر کورد تەوازوناتێکی بەهێزی هەبێت لە ناوچەکەدا تەوازوناتی ناوخۆیی و هەرێمی و ناوچەیی و ئەگەر تیمی بەهێزی هەبێت بێ بەرژەوەندی حزبی دەتوانێت گۆڕینی دەستور بکاتە دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر.
 
وێستگە نیوز: بە دیاریکراوی ئەو مەترسیە چیە کە لەسەر گۆڕینی دەستور هەیە؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: مەترسیەکە لەوەدایە کە کورد تیمێکی لاوازە لەناوخۆیدا ، بەم دۆخە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکانی ناو دەستور لە بەرژەوەندی کورد نەبن 
 
ئەزموونێکی هەموارکردنەوەی دەستور هەیە ، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عیراق لیژنەی هەموواری دەستور بەپێی دەستور خۆی پێکهات  ، لیژنەکە کاتی خۆی لەبەرخاتری سونەکان پێکهات، سونەکان بۆ ئەوەی دەنگ بە دەستور بدەن مەرجیان ئەوە بوو لە ماوەی چوار مانگدا پەرلەمان لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ هەموواری دەستور و لیژنەکە پێکهات و رەشنوسێکی هەمووارکردنی دەستوریان ئامادەکرد خۆشبەختانە کاری پێنەکرا، ئەو رەشنوسە ترسناک بوو بابەتی زۆر خراپی تێدا بوو و لەکاتێکدا ئەو لیژنەیە کوردیشی تێدا بوو ، بەڵام خاڵە مەترسیدارەکان زۆر ستراتیژی بوون، خۆشبەختانە ئیشی پێ نەکرا ، ئەگەری هەیە هەمان شت دووبارە بێتەوە، ئیمە نوێنەرەکانمان لە هەمواری دەستوردا هەڵەی گەورەیان بەسەردا تێپەڕیوە و ئیقراریان کردووەو رازی بوون لەسەری. 
 
وێستگە نیوز: بەشێک لە داواکاری خۆپیشاندەران و هەندێک لایەنیش گۆڕینی سیستمی سیاسیە عیراقە، کورد لەم رووەوە قازانج دەکات یان زیان؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی مەترسی هەیە، سیستمی سەرۆکایەتی لە وڵاتێکی دەامەزراوەیی گەورەی وەک ئەمریکادا، سەرۆکێکی بازرگان "ترەمپ" بە کەیفی خۆی بێت وڵات بخاتە مەترسیەوەو دیکتاتۆریەت بسەپێنێت، لە عێراقێکدا کە موئەسەسات هەمووی درۆیە و ئەسڵ و ئەساسی نیە یەک سەرۆک دابنرێت کە دەسەڵاتی رەهای هەبێت کەس دەرەقەتی نایەت، مەترسیەکە لێرەدایە. 
 
تەنانەت لە سیستمی پەرلەمانیشدا مالیکی خەریکبوو دەبووە دیکتاتۆر بەسەر عیراقەوە و حەیدەر عەبادی دەیویست ئینقیلاب بەسەر دەستوردا بکات جا ئەگەر ببێت بە سیستمی سەرۆکایەتی زەربەیەکی گەورە دەبێت بۆ عیراق و بۆ کوردیش بەتایبەتی.  
 
وێستگە نیوز: خۆپیشاندانەکان چ دەرفەتێکیان لە کورد سەندەوە؟  
 
سەردار عەبدوڵا: ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە لەم کاتەدا نەکرایە دەرفەتێک هەبوو بە شێنەیی لەسەر دەستی عادل عەبدولمەهدی هەندێک چاکسازی بنچینەیی لە سیستمی سیاسیدا بکرایە، بەڵام هێزە گەورەکانی عیراق لە بەرژەوەندیاندا نیە لە سەدری و بەدری و دەعوە  چاکسازی سیاسی بکرێت، لەگەڵ چاکسازی سیاسی چاکسازی ئابوریش دەکرا، بەبێ چاکسازی سیاسی قسەکردن لەهەر چاکسازییەکی دیکە چاوبەست کردن و هەڵخەڵەتاندن و خۆدزینەوەیە لێی.

وێستگە نیوز: بۆچی کورد لە هەموواری دەستور مەترسی هەیە، خۆی بەشێک نابێت لە نوسینەوەی؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: ئەزموون پێمان دەڵێت جارێک هەمووار کراوەو لە زیانی ئێمە بووە و زۆر خراپ بوو هەرچەند خۆشبەختانە کاری پێنەکرا، بەڵام ئەگەر کورد تیمێکی بەهێزی هەبێت و لەناو خۆیدا کۆک بێت و خاوەنی یەک ئەجێندا و یەک بەرنامەو یەک تێگەیشتن بن و تیمەکە ئیدارەی ئەم یارییە بکات، نەک گۆڕینی خراپ نیە بەڵکو دەتوانین بە سودی زیاتر بەلای خۆماندا بیشکێنینەوە ، پرسەکە لەسەر خۆمان وەستاوە. 
 
بەڵام شپرزەیی و ناکۆکی ناو کورد، تەنانەت حزبە کوردییەکان لەناو خودی خۆیاندا کۆک نین، کاتێک ئەڵێین مەترسی هەیە بۆ ئەوە نیە خەڵک تووشی بێهیوایی بکەین بۆ ئەوەیە بە خەڵک و سیاسیەکان بڵێین دەتوانین دەرەقەتی ئەو دۆخە بێین ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکەین و پرسەکە بەجۆرێک لێبکەین دەستکەوتی گەورەتر بەدەستبهێنین. 
 
ئەگەر دۆخەکە لەناو کوردا بەم شێوەیە بمێنێتەوە نەک هیچمان پێ ناکرێ بەڵکو ئەوانی دیکە مەرجەکانی خۆیانمان بەسەردا دەسەپێنن. 
 
وێستگە نیوز: چ لایەنێکی دەرەکی رێگری دەکات لە گۆڕینی دەستور دژی هەر پێکهاتەیەکی عیراق؟ بۆ نمونە نەتەوەیەکگرتووەکان ناتوانێت رێگری بکات؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵێکی راوێژکارییە، ئەوکاتە ئەبێتە رۆڵێکی کاریگەر کە زلهێزەکانی دونیا بیانەوێت و لەرێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بکرێت، بۆ زلهێزەکانی جیهان دووبارە داڕشتنەوەی عیراق مەسەلەیەکی حەیاتیە  ئەمریکا و ئێران و خەلیج  ئەمانە بەردەوام لە ململانێدان، دۆخی ئێستای عیراق دوای 2003 نیە کە تەنیا ئەمریکا تاکڕەوی هەبوو بەپێی بڕیارێکی یوئێن ئەمریکای وەک هێزی رزگاری ناساندبوو و دەسەڵاتی قانونی و سیاسی و سەربازی پێ دابوو ، ئەو دۆخی تاکڕەوییە لە ئێستای عیراقدا گۆڕاوە. 
 
کورد دەبێ زۆر بە وریایی و وردی مامەڵە بکات ، گۆڕانکاری گەورەو دراماتیکی لە ناوچەکە بەڕێوەیە بە باشی و بە خراپی، لە ئێستادا کورد ئەگەر کۆک و تەبا بێ و چوارچێوەی ستراتیژی بۆ کارکردن هەبێت دەتوانێت دەستکەوتی زۆر مێژوویی و گەورە بەدەستبهێنێت. ئەمە نەکرێت زۆر واریدە ببین بە ژێر دەستوپێوە.  
 
وێستگە نیوز: کاردانەوەی خۆپیشاندانەکان  لەسەر هەرێم  چیە؟ پێت وانیە هەمان ئەو داواکاری و هۆکارانەی خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عیراق خۆپیشاندانی بۆ دەکەن لە هەرێمیشدا هەبن؟ 
 
سەردار عەبدوڵا: بەهیوام لایەنە سیاسیە حوکمدارەکانی هەرێم لە ترسدا نا بەڵکو لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی چاکسازی و بکەن و گوزەرانی خەڵک چاک بکەن بەشێکیش لەو متمانەیەی لەناو خەڵک لەدەستیان داوە بەدەستی بهێننەوە، ئەگەر نەیانتوانی ئەوە بکەن و خەڵکیان لەگەڵ خۆیان ئاشت نەکردەوە ، ئەوا دۆخی ناوچەکە لە هەڵچوون و داچوونێکدایە لەوانەیە کاریگەری زۆر خراپی هەبێت، دۆخی عیراق راستە ئەگەری نیشتنەوەی هەیە بەڵام ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆش دەکرێت ، یەکێک لەسیناریۆکان ئەوەیە لە سوریا خراپتری لێ بقەومێت ئەمە پەیوەندی بە بەرژەوەندی دەوڵەتانی ئیقلیم و ئەمریکاوە هەیە ، ئەمە پریشکی بەر کوردستان دەکەوێت ، هەر شڵەژانێک و هەر خۆپیشاندانێک و هەر دۆخێکی نەخوازراو لە کوردستانا رووبدات لەوانەیە کاریگەری خراپی هەبێت، ئێستا کاتی ئەوە نیە، ئەو قسەیە بۆ ئەوە دەکەم دەسەڵات کارێک نەکات خەڵک بگەیەنێتە ئاستێک خۆپیشاندان بکات، پێویستە دەسەڵات خۆی بە زوویی چاکسازی بکات و لە داخوازییەکانی خەڵک نزیک ببنەوە، ئێستا کاتی دروستبوونی شڵەژان و ناکۆکی ناوخۆیی نیە، ئێستا ئەوەی لەسەر کوردە پشتگیری رۆژئاوای کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی دروستی ئەو دۆخەیە کە لە عیراقدا دەگوزەرێت و پێویستە هەموو ئەگەرەکان ئامادەبین.


PM:04:43:05/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو