ئاماری نوێ‌ لەبارەی هاتنی ئاوارەكانی رۆژئاوا بڵاو دەكرێتەوە



وێستگە نیوز-

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان ئاماژە بەوە دەكات، ڕێژەی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە زیادبوونە و دەشڵێت"تا ئەمڕۆ چوارشەممە 8376 كەس ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە".

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دوایین ئاماری هاتنی ئاوارەكانی ڕۆژئاوا بۆ پارێزگای دهۆكی ڕاگەیاند، بە پێی ئامارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، تا ئەمڕۆ چوارشەممە 23/10/2019، ژمارەی  ئەو كەسانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە 8376 كەسە.

دەشڵێت"زۆربەیان لە كەمپێكی تایبەت لە شارۆچكەی بەردەڕەش نیشتەجێ كراون و پێداویستیی سەرەتاییان بۆ دابین كراوە".

هاوكات ئەو ناوەندە پێشبینی ئەوەشی كردووە، بەهۆی خراپیی بارودۆخەكەوە ژمارەیەكی زیاتر لە ئاوارە و پەنابەران خۆیان بگەیەننە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان. 

خستنەڕووی ئەو ئامارە لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، دوای شەڕ و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی شار و شارۆچكە و ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە ترسی شەڕ و كوشتار ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەشێكیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

پێشتریش (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشداریی دابوو لەسەر ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان و ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە "شەڕ، دەرگا بە سەر كوشتار و دەربەدەری و ئاوارەبوونی خەڵكی سڤیل و دروستبوونی ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەكەدا دەكاتەوە و هەڕەشە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەكات".

هەر ئەو كات سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامی لە ناوچەكەدا، هەر لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش كرد ڕێگە نەدرێت خەڵكی سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن و چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ ئایندەی سووریا بدۆزنەوە بە جۆرێك مافی هەموو پێكهاتەكانی تیادا پارێزراو بێت.


PM:04:59:23/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو