کۆمەڵەی سۆفیا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی لە کوردستان رێکدەخات



وێستگە نیوز-
کۆمەڵەی سۆفیا بە دروشمی " قوربانی، تاوانبار نیە" یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆمەڵەکە بۆ بە کێشەکردنەوە و خستنە بەرباسی توندوتیژی سێکسی لە کوردستان رێکدەخات.


کۆنفرانسەکە رۆژی پێنجشەممە 24 ی ئەم مانگە لە هۆڵی ئینستیوتی کەلەپوری کورد لە شاری سلێمانی کاتژمێر 1:30 ی دوانیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و ئامادەبوون بۆ هەمووان دەبێت و بێ بەرامبەرە.
 
لەنجە خاوێ، رێکخەری کۆمەڵەی سۆفیا و سەرپەرشتیاری گشتی کۆنفرانس، بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی سۆفیا و لەسەر توندوتیژی سێکسی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەم کۆنفرانسە بەشێوەیەکی جیاواز و بە سێ ئاراستەی جیاواز کار لەسەر  پرسی توندوتیژی سێکسی دەکات، کاری هونەری و نوسین و لێکۆڵینەوەو ریفۆرمی یاساییش.

لەنجە خاوێ، وتیشی، "ماوەی ساڵ و نیوێکە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە گرنگە و تێیدا هەشت میوانی ناوخۆیی و بیانی هەرکەسە و بەپێی پسپۆڕی خۆی لە کۆنفرانسەکەدا قسە لەسەر پرسەکە دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، چوار کەس لە قسەکەرانی کۆنفرانس لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و سویدەوە بانگهێشکراون و چوار کەسی دیکەش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانن".

لەنجە خاوێ دەڵێت، "کۆنفرانسەکە جگە لە خستنە بەرباس و بەکێشەکردنەوەی توندوتیژی سێکسی، کارکردنیشە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک سەبارەت بەو پرسە و داواش دەکرێت گۆڕانکاری لە یاساکانی سزادانی عیراقیدا بکرێت پەیوەندیدار بە توندوتیژی سێکسیەوە.

سەرپەرشتیاری گشتی کۆنفرانس ئەوەشی وت، لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسەدا هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و، کۆمپانیای ئاسیاسێل هاوکار بوون، یەکێک لە سپۆنسەرەکانیش کۆمەڵگەی پەروەدەیی مارگرێتە و کەناڵی رووداویش سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکە دەکات.

لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە میوانە قسەکەرەکان، چەند میوانێکی تایبەتمەندیش بانگهێشتکراون و بۆچوون و راسپاردەیان وەردەگیرێت، هاوکات ئامادەبوون لە هۆڵی ئینستیوتی کەلەپوری کورد کە کۆنفرانسەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت بۆ هەمووان دەبێت و بێ بەرامبەرە.


PM:09:33:21/10/2019






ئه‌م بابه‌ته 8224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو