پەرلەمانتارێك: پێویستە پەرلەمانی كوردستان چاودێریی تەندروستیی محەمەد بكات



وێستگە نیوز-
ئەندامێكی پەرلەمانەی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پەرلەمانی كوردستان چاودێریی تەندروستیی محەمەد بكات و دەشڵێت"كە چومە پەرلەمان، سەردانی سەرۆكی پەرلەمان دەكەم".

مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی رەوشی (محەمەد حەمید) ئەو منداڵەی لە رۆژئاوای كوردستان بەهۆی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوەوە لەلایەن توركیاوە بەسەختی بریندار بوو دەڵێت"سبەینێ‌ كە چومە پەرلەمان، سەردانی سەرۆكی پەرلەمان دەكەم و داوای لێدەكەم تیمێكی تایبەتیی پزیشكیی راسپێرێت بۆ ئەوەی بە پەلە بچنە ئەو نەخۆشخانەیەوە كە ناوبراوی تێدایە و سەرەڕای هاوكاریكردنی نەخۆشخانەكە بۆ چارەسەركردنی ئازارەكەی، لێكۆڵینەوەی وردیش بكرێت كە بە چ چەكێك توشی ئەو سوتاندنە بوە".

ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری خۆی نوسیویشیەتی" ئەگەر زانرا توشبونی ئەم مناڵە بەو سوتاوییە بەهۆی چەكی فسفۆریی سپیی قەدەغەكراوەوەیە، ئەوكات بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی-ش لەمبارەیەوە زیاتر دەبێت".

دەقی نوسینەكە:

پێویستە پەرلەمانی كوردستان چاودێریی تەندروستیی محەمەد بكات

محەمەد، ئەو مناڵە كوردەی خۆرئاوای كوردستانە، كە چەند رۆژێكە بەهۆی بۆردمانەكانی سوپای توركیاوە، بەشێكی زۆری جەستەی سوتاوە و باس لەوەیش دەكرێت، لەو بۆردومانەدا، سوپای توركیا چەكی فسفۆڕیی سپیی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە.

لە ئێستادا، محەمەد، كە یەكێكە لە قوربانییەكانی ئەم پەلامارەی توركیا بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری "دهۆك"دا، چارەسەری پزیشكیی وەردەگرێت. بۆیە، سبەینێ‌ كە چومە پەرلەمان، سەردانی سەرۆكی پەرلەمان دەكەم و داوای لێدەكەم تیمێكی تایبەتیی پزیشكیی راسپێرێت بۆ ئەوەی بە پەلە بچنە ئەو نەخۆشخانەیەوە كە ناوبراوی تێدایە و سەرەڕای هاوكاریكردنی نەخۆشخانەكە بۆ چارەسەركردنی ئازارەكەی، لێكۆڵینەوەی وردیش بكرێت كە بە چ چەكێك توشی ئەو سوتاندنە بوە.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسیارێتیی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان--یشە، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی ئەم مناڵە بكات، چونكە ئەگەر زانرا توشبونی ئەم مناڵە بەو سوتاوییە بەهۆی چەكی فسفۆریی سپیی قەدەغەكراوەوەیە، ئەوكات بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی-ش لەمبارەیەوە زیاتر دەبێت.

مەم بورهان قانع
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان


PM:09:02:21/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت