ترەمپ: تورکیا هەر رەفتارێکی هەڵە بنوێنێت، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنین



وێستگە نیوز-
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر تورکیا هەر رەفتارێکی هەڵە سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بنوێنێت سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی 10 ی 2019، رایگەیاند، رێککەوتنی وەستانی شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەبوونی کەمێک پێشێلکاری هەر بەردەوامە.

لە لێدوانەکەیدا لە کۆشکی سپیەوە، ترەمپ بۆ رۆژنامەنوسان وتیشی، " سەبارەت بە ئاگربەستەکە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، تورکیا هەر رەفتارێکی هەڵە بنوێنێت، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنین".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کوردەکان لە کۆمەڵێک ناوچەی دیاریکراو بەشێوەیەکی زیرەکانە کشاونەتەوە.

سەبارەت بە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا، دۆناڵد ترمپ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی سوریان بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەگەڕێنەوە ئەمریکا.

دوای هێرشێکی هەشت رۆژی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و کوژران و برینداربوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس بۆ ناوچەکانی دوور لە شەڕ، رۆژی 17 ی ئەم مانگە ئەمریکا و تورکیا رێککەوتن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هەریەک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای تورکیا یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.


PM:08:37:21/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 7824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت