خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی سلێمانی چەندین دروشمیان بۆ پشتگیری رۆژئاوای کوردستان بەرز کردەوە



وێستگە نیوز- 
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بە دروشمی "چارەنوسی رۆژئاوای کوردستان، چارەنوسی هەموو کوردستانە" بەڕێوەچوو.

لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ هەینی شاری سلێمانیدا هاوکات خۆپیشاندەران چەندین دروشمی دیکەیان بۆ پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان بەرز کردەوە.

میران شیروان، یەکێک لە چالاکان و بەشداری خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، خۆپیشاندانی ئەمڕۆ بۆ پشتگیری رۆژئاوای کوردستانە دوای هێرشەکانی تورکیا و پیشاندانی پشتیوانی باشور بوو بۆ رۆژئاوای کوردستان.

وتیشی، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ چەندین دروشمی تێدا بەرزکرایەوە و تێیدا چەند هونەرمەند و کەسایەتیەک پەیامیان پێشکەش کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بە دروشمەکانی "هەموومان رۆژئاواین، بەڵێ بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ رۆژئاوای کوردستان، نا بۆ داگیرکاری و گۆڕانکاری دیموگرافی، داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان داگیرکردنی باشوری کوردستانە" خۆپیشاندەران لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانیەوە بەرەو باخی گشتی بەڕێکەوتن.

"بەشێک لە داواکاری خۆپیشاندەران  ناردنی کۆمەک بوو و بەشداریکردنی خەڵک بوو لەو هەڵمەتانەی بۆ کۆکردنەوەی پێداویستی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەستیانپێکردووە". میران شیروان وای وت.

هاوکات لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی سلێمانیدا هونەرمەندان و خۆپیشاندەرانی دیکە بە کۆمەڵ گۆرانییان بۆ پشتگیری رۆژئاوای کوردستان دەوتەوە.


PM:09:56:18/10/2019
















ئه‌م بابه‌ته 2824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو