لە ماوەی شەش ساڵدا 19 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون

‌دیمه‌نه‌كانی‌ كۆچبه‌ران تراژیترین دیمه‌نه‌كانی‌ ڕووداوه‌كانی‌ 10 ساڵی‌ ڕابردوون


وێستگه‌ نیوز-
دەریای ناوەڕاست هێشتا خوێناویترین و مەترسیدارترین ڕێگای کۆچبەرانە لە جیهاندا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2013ەوە تاوەکو ئێستا، 19 هەزار کۆچبەر لەو دەریایەدا خنکاون یاخود بێسەروشوێن بوون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، هەزار و 41 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

ساڵی 2016 خوێناویترین ساڵ بووە، بەپێی ئامارەکان، لەو ساڵەدا پێنج هەزار و 143 کۆچبەر لە ئاوەکانی‌ دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.

ئاماری بێسەروشوێنان یان گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە نێوان ساڵەکانی‌ 2014 تاوەکو 2018:
-لە ساڵی 2014دا، سێ هەزار و 280 کۆچبەر
-لە ساڵی 2015دا، سێ هەزار و 771 کۆچبەر
-لە ساڵی 2016دا، پێنج هەزار و 143 کۆچبەر
-لە ساڵی 2017دا، سێ هەزار و 139 کۆچبەر
-لە ساڵی 2018دا، دوو هەزار و 297 کۆچبەر
بەپێی ئامارەکان، ساڵی 2018 ژمارەی‌ گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆچبەران کەمیکردووە، بەڵام ژمارەی‌ گەیشتووان بە وڵاتانی ئەوروپی زیادی کردووە.

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەشڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم، 72 هەزار و 263 کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا کە 14%ی کەمترە لەو ژمارەیەی کە ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە کە 84 هەزار و 345 کۆچبەر بووە.
زۆرترین ژمارەی‌ کۆچبەرانیش ڕوویان لە یۆنان کردووە کە نزیکەی‌ 40 هەزار کەسە، هاوکات ئیسپانیاش لە پلەی‌ دووەمدایە و 17 هەزار و 405 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

حەوت هەزار و 892 کەسیش گەیشتوونەتە ئیتاڵیا لەکاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا 21 هەزار و 119 کۆچبەر چوونە ئیتاڵیا.


AM:11:57:14/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو