كۆمەڵی ئیسلامی: داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕ و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان دەكەین
وێستگە نیوز-
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەبارەی هێرشی سوپای توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان لە سوریا ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێدراوە لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات و جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەكاتەوە و بەم شێوەیە خاڵەكان دەخاتەڕوو:
یەكەم/ هەموو سنوربەزاندنێكی وڵاتێك بۆ نێو وڵاتێكی دیكە ئیدانە دەكەین و بە پێچەوانەی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكانی دەزانین، گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا سوریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێز و وڵاتە هەرێمی و نێدەوڵەتییەكان.
دووەم/ گەلی كورد مافی خۆیەتی لە ناوچە و خاكی خۆیدا سەربەست و ئازاد بێت و خاوەنی ئیدارە و ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام دەبێت پەندیش لە ڕابردوو وەربگرێت و زیاتر پشت بە خودا ببەستێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پلان و ئەجێندای وڵاتانی زلهێز جێبەجێ نەكات و دواتریش پشتی لێ بكرێت، دەبێت بڕیار بەدەستانی ڕۆژئاوای كوردستانیش وریابن و بیانوو بەدەست هیچ هێز و وڵاتێكەوە نەدەن تا هێرشیان بكرێتە سەر و وەك مەترسی سەیربكرێن.
سێیەم/ ئێمە پێمان وایە بەكارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری كێشەی كورد و وڵاتانی دیكەی نەكردووە و تاكە ڕێگای راست بۆ هەردوولا لە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە دەبینینەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕ و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەكەین.
PM:03:06:10/10/2019
ئهم بابهته 1976
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت