بەرهەم ساڵح؛ داوای گرتنە بەری رێكاری یاسای دەكات لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە

‌بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق


وێستگە نیوز-
سەرۆككۆماری عیراق، جەخت لە گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان لە دژی ئەو كەسانە دەكاتەوە كە دەستدرێژییان كردووەتە سەر خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان.

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق ئەمڕۆ چوار شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایەق زێدان، لەوبارەیەشەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆككۆمار لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند، ساڵح جەختیكردەوە لە پێویستی كردنەوەی لێكۆڵینەوەی یاسایی و دادپەروەر سەبارەت بە تاوانی دەستڕێژكردنە سەر خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان بە گوللە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە.

هاوكات  ئاماژەی بەسزادانی ئەوانەی بەرپرسیارن لە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی عێراق داواوە و وەك ڕاگەیەنراوەكەش دەڵێت"ھەر لە دیدارەكەدا باس لە گرنگی ڕۆڵی دادگای عێراق كرا، بەتایبەتی دادگای پرسی ئەستۆ پاكی و پێویستی كاراكردنی ڕۆڵی دادوەری گشتی بۆ یەكلایی كردنەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی و سزادانی سەرپێچیكاران بۆ سەر مۆڵكی گشتی".

ڕاگەیەنراوەكە دەشڵێت"سەرۆك بەرھەم ڕۆڵی كارای دادگا و پاراستنی سەربەخۆیی تەواوی خۆی و بەرجەستەكردنی بنەماكانی دادپەروەری بەرزنرخاند و ئاماژەی بە گرنگی ھاریكاری و ھەماھەنگی نێوان سێ سەرۆكایەتییەكەی وڵات كرد بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانی تایبەت بە جێ بەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانی خۆپیشاندەران و پاراستنی ئاسایش و پارێزگاری لە دەستوور".

لەكۆتای ڕاگەیەنراوەكەی نوسینگەی سەرۆككۆماردا هاتووە"ھەر لەو دیدارەی نێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری باس لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی سەپاندنی دەستەڵاتی یاسا و پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و موڵكی گشتی كرا".


PM:05:18:09/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت