ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم

‌کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا پرسی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق و دۆخی باكووری سوریاو ئه‌گه‌ری هاتنی شه‌پۆلێكی نوێی ئاواره‌ی رۆژئاوای كوردستان تاووتوێ كرد و داواش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.


ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێم، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عیراق و سوریا.

لەربارەی خۆپێشاندانەکانی عیراق، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەن کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆک وەزیرانی عیراق هەروەها تیشکی خستە سەر سەردانی گرنگی سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلوماتکار و خاوەنکارانی رووسی هاتبوو.

دەربارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریاش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەریی و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن.

بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ناوچەکەدا نییە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئامادەکاری وپێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیازەکانی وەزارەتیان بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران.

هــ. ر


PM:04:35:09/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 2380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو