حكومەتی عێراق بەشی دووەمی چاكسازییەكانی راگەیاند


وێستگەر نیوز-
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا بەشی دووەمی چاكسازییەكانی راگەیاند و چەند خاڵێكی لەو بارەوە بڵاو كردەوە.

لە کۆبوونەی دوێنێ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیاردرا بە دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا بۆ دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون.

هاوکات لە بڕیارێکیدا دوێنێ حکومەتی عیراق راشیگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2020 دا رێگە نادرێت کەسێک دوو مووچە وەربگرێت.

ئەمەی خوارەوە ئەو خاڵانەن كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داون تا جێبەجێ بكرێن:

یەكەم. دروستکردنی لیژنەیەكی باڵا بۆ دابەشكردنی زەوی نیشتەجێ بوون بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران و ئەندامێتی وەزیری ئاوەدانكردنەوە وژمارەیەك ئەندامی دیكە.

دووەم. لە بودجەی 2020دا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە كە رێگە بە كەسێك دەدات دوو مووچە وەربگرێت و دەبێت سەرپشك بكرێت لە هەڵبژاردنی مووچەیەكیاندا.

 
سێهەم. وەزارەتی كارەبا هەڵدەسێت بە دابەشكردنی ئامێری وزەی خۆر بە سەرجەم پێداویستییەكانیەوە بەسەر سێ هەزار ماڵی هەژاردا و بۆ ئەو مەبەستەیش 15 ملیار دینار دابین دەكرێت.

چوارەم. بۆ رەخساندنی زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجانی بێ كار چەند راسپاردەیەكی گرنگی بە وەزارەتی بازرگانی و ئەو كۆمپانیایانەی سەر بەون راسپاردووە بۆ دابینكردنی كار، لەگەڵ راسپاردنی وەزارەتی كاروباری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە چەند ئەركێك بۆ ڕەخساندنی كار.

بۆ ئەو مەستە چەندین رێگە دابینكراوە تا گەنجان بتوانن قەرز لە وەزارەتی كار و بانكی رافیدەین كراوە وەربگرن لەگەڵ ئاساكراوی بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی كار و بەخشینی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە گومرك.

پێنجەم. وەزارەتی كارەبا ئەو گەنجە بێ كارانەی لە تەمەنی "18-35"دان رادەسپێرێت بە كۆكردنەوە پارەی كارەبا بە پێی نزیكی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان،ـ بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ئەو مەبەستەیش سێ مانگ لە راهێناندا دەبن و بۆ هەر ڕۆژێكیش پێنج هەزار دینار وەردەگرن.
 
شەشەم. پشتیوانیكردن و فێكردنی كاری پیشەیی و دابەشكردنی زەوی كشتوكاڵی، بۆ ئەو مەبەستەیش چەند راسپاردەیەكی تایبەت كراوە.

حەوتەم. وەزارەتی پیشەسازی هەڵدەستێت بە راهێنانی گەنجانی بێ كار و دەرچوان و ئەوانەی خواستی كاركردنیان هەیە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی ناوخۆی و بۆ ئەو مەبەستەش هاوكار و شوێنی پێویستیان بۆ دابین دەكرێت.

هەشتەم. دامەزراوەی راوێژكاری ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون دەكات بۆ دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی و دامەزراندنی گەنجان لە شوێنەكانیان.

نۆهەم. وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتەكانی دیكە بە پێی پێویست و بە پێی نمرە دابمەزرێنن.
 
دەهەم. وەزارەتی خوێندنی باڵا راسپێدراوە هەستێت بە ناچاركردنی زانكۆ و كۆلێژە ئەهلییەكان بە لەخۆگرتنی بەشێك لە خاوەنی نمرە بەرزەكان لەوانەی بڕوانامەیان هەیە تا وانە بڵێنەوە.

یانزەهەم. بۆ باشكردنی خزمەتگوزاری شارەوانی و كەش و هەوا و پارێزگاری بەغدا و پارێزگاكانی دیكە رادەسپێردرێن بۆ گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەران بۆ دروستكردنی كارگە و دروستكردنی ری سایكلین، هەروەها وەزارەتی كارەبا هەنگاوی باش بنێت بۆ كڕینی سەرجەم ئەو وزانەی كە دەكرێت لە ڕێی خۆڵ و خاشاكەوە دروست بكرێن.

دوانزەهەم. وازارەتەكان و ئەو لایەنانەی پەیوەست نین بە وەزارەتەكان و پارێزگاكان ناچار بكرێن پێداویستییەكانیان بە بەرهەمی ناوخۆیی پڕ بكەنەوە.
 
سیانزەهەم. دروستكردنی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی جێبەجێ كردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە لە پارێزگاكان كە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای خۆپیشاندەران جێبەجێی كردوون


AM:11:35:09/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 4204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت