فەڕەنسا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و تورکیا

‌وەزیری بەرگری فەڕەنسا


 
وێستگە نیوز-
وەزیری بەرگری فەڕەنسا رایگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەرفەت بە تورکیا دەدات هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان ئەوەش دەرگای سەرهەڵدانەوەی مەترسیەکانی داعش لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.

فەڕەنسا یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکیەکانی واشنتن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات.

فلۆرێنس بارلی، وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، " جەخت لەوە دەکەینەوە ئەم کشانەوەیەی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە لەو ئامانجە لامان دەدات کە هەموو دەوڵەتان هەوڵی بۆ دەدەین کە رووبەڕووبوونەوەی داعشە، ئەمەش مەترسی گەورە لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە دروست دەکات".

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری فەڕەنسا دوای ئەوە دێت دوێنێ دووشەممە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا راگەیاند، لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکانی باکوری سوریا ئەنجامدەدات و ئەمریکاش بەشداری لەو ئۆپراسیۆنەدا ناکات.

پێشتریش چەند بەرپرسێکی سەربازی فەڕەنسا رایانگەیاندبوو لە حاڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، فەڕەنساش ناچاردەبێت هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.

فەڕەنسا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بە هەستیارییەکی زۆرەوە مامەڵە لە گەڵ داعش دەکات دوای ئەوەی داعش لە فەڕەنسا چەند هێرشێکی خوێناوی ئەنجامدا، بەرپرسانی فەڕەنسا پێیانوایە تا ئێستاش داعش هەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە.

سەرچاوە: رۆیتەرز
 



AM:10:21:08/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 12836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت