"خۆپیشاندانه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نابێت"

‌خۆپیشاندانه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نابێت

وێستگه‌ نیوز ـ

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، خۆپیشاندانه‌كانی به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق له‌مساڵدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نابێت، به‌ڵام بۆ ساڵی داهاتوو كاریگه‌ری ده‌بێت.


ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئەم خۆپیشاندانانە وادەکەن لە نوێنەرانی کورد لەبەغداد ئەوەی لە 2019 سەبارەت بە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێیان پەڕاند نەتوانن تێیپەڕێنن بەوەی بەغدا پارە بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی بەغدا بکات لەکاتێکدا هیچ خزمەتگوزاریەک لە ناوەڕاست و باشووری عیراق نیە دەبێتە فشارێکی گەورە بۆسەر نوێنەران چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت ئه‌وەی لە 2019 هەبووە مەحاڵە لە 2020 دووبارە ببیتەوە".

ئەحمەدی حاجی رەشید وتیشی: "ئەوەی کە بوه‌تە یاسا تا 31ی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ بەردەوام دەبێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، راستە حکومەتی عیراق فشاری لەسەرە بەڵام بەشێوەیەک لەشێوەکان دەتوانێت ئەوە دابین بکات، بەڵام گرفتەکە ئه‌وەیە حکومەتی عیراقی خۆی کێشە بۆ خۆی دروست دەکات لەکاتی دروست بوونی ئەم حکومەتەوە دەبوو لە سێ سێکتەردا چاکسازی بکردایە، یەکەم سیستمی سیاسی و سیستمی ئابوری و سیستمی ئیداری".

هەروەها ئەوەشی وت" دەبوو سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبری ئەوەی سەردانی چین بکات بۆ هێنانی پڕۆژە دەبوو زەمینەی وەبەرهێنانی لەناوخۆی عیراق بڕەخساندایە، دەبوو عیراق بەدوور بگرێت لەو جەمسەر گیریە".

ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بەوەکرد: "ناڕەزایی خۆپیشاندەارانی عیراق بەتەنها هی مووچە خۆران نیە، چونکە لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق هەموو مووچەخۆرانی نزیکەی هەشت ملیۆنە، کێشە سەرەکیەکەی عیراق کێشەی ئەمن و خزمەتگوزاری و سەروەری یاسایە ئێستا عیراق لە قۆناغی "الدولە عمیقە تێپەڕیووە بوه‌تە ان لا الدولە".

سەبارەت بەکاریگەری ئەو خۆپیشاندانانە لەسەر بودجە و مووچەی کوردستان، ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت" بودجە و موچەی کوردستان ئەوەندە گەورە نیە، کێشەکە لەوەدایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەقۆناغێکی سستدا دەڕوات لەعیراق بەهۆی ئه‌و سستیەی کەهەیە، لە ئێستادا کۆمەڵێک گرێبەست کراوە بۆ وەبەرهێنانی کارەبا بەڵام لانی کەم شەش مانگ بۆ ساڵێکی پێدەچێت، خۆپیشاندەریش ئەوە نازانێت، دەبوایە کاتی خۆی بکرایە، لەکاتی خۆیدا ئاماژە بەوەکرا ئەم دۆخە وای لێدێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون ئایا حکومەتی عیراق دەتوانێت بەبیانووی جێ بەجێ کردنی خزمەتگوزاری و داواکاری خۆپیشاندەران بودجە بۆ هەرێم نەنێرێت؟

لەوەڵامدا ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری ئابوری و دارایی پەرلەمانی عیراق وتی: "لەو بڕوایەدا نیم حکومەتی عیراقی شتی وابکات، چونکە نایەوێت کێشەکە بکات بە دوو کێشە، هەروەها عادل عەبدولمەهدی ئێستا ئەوە بەدەستکەوتی خۆی دەزانێت کەتوانیوێتی کێشەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک چارەسەر بکات بۆیە نایەوێت لەناو پەرلەمان 50-60 پەرلەمانتاری لێ راست ببێتەوە و هەمیشە باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکەن، من خۆم عادل عەبدولمەهدیم رووبەڕوو بینیوە ئەوەی بە ئاشکرا وتی، کە بەهیچ جۆرێک دەست نابات بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا، بۆیە ئه‌وەی من دەیبینم بەهیچ جۆرێک ئەم خۆپیشاندانە کاریگەری لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا نابێت، بەڵام بۆ 2020 بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت".

وتیشی: "رەنگە کاریگەری هەبێت کەناردنی بەشە مووچە بۆ چەند رۆژێک دوابکەوێت چونکە ئێستا کاتی ناردنیان گۆڕیووە بۆ ئەوەی نەبێتە زەجە لەسەرییان بۆیە کاتەکەیان گۆڕیوە بەڵام لەنێوان وەزیری دارایی کە کوردە لەگەڵ سەرۆک وەزیران جۆرێک لە هەماهەنگی هەیە بۆ ناردنی ئەم مووچەیە تا 31ی 12".


AM:09:48:04/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 6120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو