سلێمانی... دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی قاچاغدا دەگیرێت



وێستگە نیوز
قایمقامیەتی سلێمانی دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی زۆر لەدەرمانی قاجاغدا ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەكات، دەرمانەكان لەماڵی خاوەن نۆڕینگەیەكدا بووە.

قایمقامیەتی سلێمانی، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێردراوە دەڵێت"لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لەماڵی خاوەن نۆرینگەیەك دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمان-دا دەگرێت كەبەبێ مۆڵەت و ‌بەشێوەیەكی نازانستی لە شوێنی گەرم و رێگەپێنەدراو عەمباری كردووە‌".

لەوبارەیەشەوە (ئاریان هەورامی) سەرۆكی لیژنەی هاوبەشەی تەندروستی دەڵێت "دەركەوتووە لە ماڵی خاوەن نۆرینگەیەك و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و بەشێوەیەكی ناتەندروست بڕێكی زۆر دەرمان عەمباری كردووە".

هاوكات ئەوەش روندەكاتەوە، هەموو ئەو دەرمانانەی لە چارەسەركردنی نەخۆش بەكاردەهێنرێت پێویستە لە پلەیەكی گەرمی دیاریكراودا عەمبار بكرێت، كەئەو پلەش لە دەرمانێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت تا زیان بە‌پێكهاتە و گیراوەكانی‌ دەرمانەكان نەگەیەنێت كەلێی دروستكراوە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك عەمباركردنی دەرمان لە ماڵەوە قەدەغەیە، لەكاتی عەمباركردنیدا پێویستە مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت.

"خاوەن نۆرینگەكە كاوانتەر و ژێرقادرمەی ماڵەكەی خۆی و دایكی بۆ عەمباركردنی دەرمانەكان بەكارهێناوە، ئەمەش پێچەوانەی زانستە تەندروستیەكان و یاسا و رێنماییەكانیشە، بۆیە پاش وەرگرتنی رەزامەندی خاوەن نۆرینگەكە لەلایەن لیژنەی هاوبەشی تەندروستییەوە ماڵەكەی پشكنراو دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆردا گیرا" ئاریان هەورامی وادەڵێت.

بەوتەوی ئەو بەرپرسەی لیژنەی تەندروستی سلێمانی، بڕێكی زۆر لەو دەرمانانەی دەستی بەسەردا گیراوە، هەندێكی‌ (MOH)ە و بەوەناسراوە نابێت لە كەرتی تایبەت كڕینی و فرۆشتنی پێوەبكرێت و تایبەتە بەنەخۆشخانەكانی حكومەت، بەڵام لەم‌ نۆریگەدا هەبووە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ مامەڵەكردن بەوجۆرە دەرمانەوە.

بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر تەواوی ئەو دەرمانانەدا گیراوە و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.


PM:02:37:23/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت