حکومەتی عیراق چوار کەمپی ئاوارەکان دادەخات

‌منداڵێکی ئاوارەی عیراقی


وێستگە نیوز-

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق داخستنی چوار کەمپی ئاوارەکانی لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە چوار کەمپی ئاوارەکانی لە لە شاری موسڵ داخستووەو ئاوارەکانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.

نەوفل بەها موسا، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، چوار کەمپی خێزانە ئاوارەکان کە پێکدێن لە جودعەی یەک و دوو، کەمپی مودەریج، کەمپی سەلامیەی سێیەم کە دەکەونە پارێزگای نەینەواوە داخراون.

وتووشیەتی، ئەم داخستنە دوای یەکخستنی خێزانە ئاوارەکانی کەمپی جودعەی دووەم و سێیەم بووە لەگەڵ جودعەی یەک کە زۆربەی نیشتەجێبووەکانی گەڕابوونەوە شوێنەکانی خۆیان".

ئاماژەی بەوەش داوە، وەزارەتەکەیان کەمپی مودەرەجی لە ناحیەی گیارە داخستووە و هەروەها کەمپی سەلامیەی سێیەمیش لە رۆژهەڵاتی شاری موسڵ داخراوە،  و خێزانەکانی هەردوو کەمپەکەش بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان گەڕێنراونەتەوە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە لەو کەمپانەدا ژیان بەسەر دەبەن.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق ئاشکراشی کردووە، وەزارەتەکە لەسەر ستراتیژی گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان کاردەکات بەتایبەت ئەو خێزانانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە و حکومەت تێچووی گەڕانەوەیان و یارمەتی و خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابین دەکات.

ش . ر 


PM:12:16:23/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو