حكومەتی هەرێمی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

‌كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

وێستگە نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەكۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18/9/2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەڕیچگەی ڕاگەیەنراوێكەوە ئەوەی خستۆتەڕوو، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رێكخستنەوە و هەماهەنگیكردن لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرا و دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێكبهێنرێت بۆ یەكەوەبەستنەوەی دەروازە گومرگییەكان بەئامانجی رێكخستنەوە و باشتركردنیان.

هەرلەبارەی بڕیارەكانەوە، ڕاگەیەنراوەكە ئاماژە بەوە دەكات، بڕگەی دووەمی كۆبووەنەوەكە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی قەرزە كشتوكاڵییەكان كە 8868 جووتیار سوودمەند بوون لێی بە بڕی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینار.

دەڵێت"ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی راسپارد بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەكی یاسایی بۆ چۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەكان بە شێوەیەك لەگەڵ باروگوزەرانی جووتیاران بگونجێت".

هەر لەكۆبونەوەكەدا رەشنووسی دووەمی پلانی تەشریعی خراوەتە روو لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەكی یاسایی پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە پێویستە لەم وەزرە یاساییەدا بنێردرێنە پەرلەمانی كوردستان.

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لە بارەی پێداچوونەوە بە میكانیزمەكانی (پاراستنی مافی خاوەندارێتی هزری- قانون حمایە الملكیە الفكریە) كرد بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە جیهانییەكان وپاراستنی خاوەن مافە هزرییەكان لە بوارەكانی هونەری، بازرگانی، پیشەسازی و كشتوكاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكان راسپێردران كە كاری پێویست ئەنجام بدەن.


PM:05:23:18/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت