ساتی سه‌ردانی د. به‌رهه‌م ساڵح و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی هه‌رێم- فۆتۆ ئه‌ژی عومه‌ر
وێستگه نیوز-
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌كۆبونه‌وه‌كانی وه‌فدی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی د. به‌رهه‌م ساڵح و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به وێستگه نیوزی ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ری دروستبوونی قه‌یرانێكی نوێی ماڵوێرانكه‌ر له‌ئارادایه، ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه‌ی 2020 رێكه‌نه‌كه‌ون.
دوێنێ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق و د. فواد حسێن وه‌زیری دارایی حكومه‌تی به‌غدا گه‌یشتنه شاری هه‌ولێرو له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ردانه‌كه‌شدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوونه‌وه.
به‌پێی قسه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار په‌یامی د. به‌رهه‌م ساڵح له‌م سه‌ردانه‌یدا تایبه‌ته به‌هۆشداریدان به‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت رێكبكه‌ون، چونكه تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه‌ی 2020 له‌ئارادایه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ناو كۆبونه‌وه‌كان، سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم پێیان باش بووه كه هه‌رێمی كوردستان به تیمێكی به‌هێز به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ڕه‌شنوسی بودجه‌ی عێراق بكات.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه "ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی به‌غداو هه‌رێمه‌وه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و د. فواد حسێن فشاری زۆری چه‌ند لایه‌نێكی عێراقییان له‌سه‌ره به‌هۆكاری ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبێت به‌ڕاده‌ستكردنی نه‌وت".
هاوكات چه‌ند لایه‌نێكی په‌رله‌مانی عێراق له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان د. فواد حسێن بانگێشتی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن و فشاری له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ ڕاگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ی مانگانه بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ده‌نێرێت و سه‌رچاوه‌كه وتی "دور نییه به‌هۆكاری ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه، جارێكی تر وه‌زیری دارایی كێشه‌ی یاسایی بۆ دروستبێت".
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد دوای سەردانی سەرۆککۆماری عێراق و وەزیری دارایی عێراق بۆ هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە شاندی دووەمی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات.
ئه‌م سه‌ردان و كۆبونه‌وانه هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020ی عێراق، ده‌یه‌وێت ڕه‌شنوسێك ئاماده بكات و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌یه‌وێت پشكی كورد له‌بودجه‌كه‌دا بپچڕِێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان، سه‌رجه‌م كۆبونه‌وه‌كانی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ره كه بریتییه، نه‌وت و بودجه‌و قه‌رز.
سالار مه‌حمود، ڕاوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار‌و شاندی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رۆژنامه‌نوسانی ڕاگه‌یاند كه ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتن ڕوونه‌دات به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م بوودجه‌و پشكی كورد له‌بودجه‌ی 2020 دروست ده‌بێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه له‌هه‌ردوو كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك كۆماری عێراق، د. به‌رهه‌م ساڵح په‌یامی هێزه عێراقییه‌كانی گه‌یاندووه به‌سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی هه‌رێمی كوردستان.
رۆژی 19/8/2019 جوتیار عادل، لەكۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند ، شایسته‌ی دارایی و پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتیحادیدا، 12.84 ترلیۆن دیناره، به‌ڵام به‌غدا ته‌نیا 5.44 ترلیۆن دینار له ماوه‌ی ساڵێكدا بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت.
وتیشی؛ ئه‌و پاره‌یه‌ی له پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتحادی ده‌بڕدرێت، زۆر زیاتره له به‌های ئه‌و داهاته‌ی به هۆی فرۆشی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت.
جەختیشی كردەوە، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه ئه‌و بڕه نه‌وته راده‌ستی به‌غدا بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وته‌بێژی حكومه‌ت رایگەیاند، له ئێستادا ساڵانه 7.39 ترلیۆن دینار له پشكی هه‌رێم بڕاوه و حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و داوایه‌ی ئاڕاسته‌ی به‌غدا كردوه، خۆشبه‌ختانه تێگه‌یشتنی ئه‌رێنی له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه هه‌یه.
AM:10:15:18/09/2019
ئه‌م بابه‌ته 23000
جار خوێنراوه‌ته‌وه