جەنگ منداڵی خۆیانی بیربردوونەتەوە

‌دوو منداڵی سوری لە کاتی کارکردندا


وێستگە نیوز-

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان منداڵان لەو توێژەی سوریان کە رووداوەکانی جەنگ لە وڵاتە زۆرترین کاریگەری لەسەر بەجێهێشتوون و ناچاری کردوون دوای مردنی باوک یاخود براکانیان کاری قورس بکەن و بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.

جەنگی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011 وە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە و هەزاران کەس تێیدا کوژراوە و قەیرانێکی مرۆیی و ئابوری سەخت ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، ئەم دۆخەش منداڵانی ئەو وڵاتەی لە خەونە منداڵانەکانیان بێبەش کردووە و وەک گەورەکان بەرپرسیارێتی خێزانەکانیان هەڵدەگرن.

عومەر مەنصور-ی تەمەن 12 ساڵ یەکێکە لەو منداڵانەی لە ناو گەڕەکەکانی شارۆچکەی ئیدلیب-ی سوریا لە زستان و هاویدا و دوور لە خوێندن بە عەرەبانەیەکی شیرینیەوە دەگەڕێت و کار دەکات بۆ ئەوەی دوای مردنی باوکی بژێوی دایکی  و خوشکەکەی دابین بکات.

باوکی عومەر دوو ساڵ پێشتر لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەسەر شارۆچکەی ئیدلیب کوژرا. 

عومەر تەنیا منداڵی سوری نیە کە ئاڵۆزییەکان وای لێ کردووە کاربکات، رۆژانە دەیان منداڵ لەو وڵاتە بۆ دەستکەوتنی قووتی ژیانی خۆیان خێزانەکانیان و هەڵکردن لەگەڵ دۆخی ئابوری سەخت و گرانی نرخی شتومەک لە سوریا بە دوای کاردا دەگەڕێن .

ریمە حەسەن، کچێکی منداڵە و تەمەنی 12 ساڵە لە وەرشەیەکی پیشەسازی کاردەکات لە شارۆچکەی معرشورین لە دەوروبەری شارۆچکەی ئیدلیب، ریمە دەڵێت، " دوای ئەوەی سوپای سوریا باوکمی دەستگیرکرد ناچاربووم قوتابخانە جێبهێڵم و بێم لەگەڵ براکانم کاربکەم بۆ ئەوەی پێداویستیەکانی ماڵەوە دابین بکەین و پارەی دەرمانەکانی دایکم پەیدا بکەین".

محەمەد عەبەسی-ش کوڕێکی 13 ساڵە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە لەگەڵ خێزانەکەی ناچاربووە ناوچەی حەمای سوریا جێبهێڵێت و لە یەکێک لە کەمپەکانی سنوری تورکیا ژیان بەسەر ببات.

ئەم کوڕە دەربارەی ژیانیان دەڵێت، " لە ناوچەکەی خۆمان زەویمان هەبوو ساڵانە لە بەروبوومەکەی قازانجمان دەکرد بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی جێمانهێشتووە زەویەکەمان لەدەست داوە، من لەگەڵ باوکم رۆژانە جپس و پسکیت دەفرۆشم، برا بچوکەکەشم رۆژانە لە دووکانێکێ فرۆشتنی کلێنس کاردەکات".

فادی حورانی 13 ساڵیش لە شارۆچکەی دەرعاوە بەرەو ئیدلیب کۆچی کردووەو لە دووکانێکی ئاسنگەری کاردەکات، فادی جارێک قاچی شکاوە بەهۆی ئەوەی دەرگایەکی بەسەردا کەوتووە لەکاتی کارەکەیدا، فادی چیرۆکی خۆی هەیە و دەڵێت، "کارێکی گونجاوم دەستنەدەکوت ناچاربووم ببمە ئاسنگەر رۆژێک دەستم دایە دەرگایەکی گەورە تا بەرزی بکەمەوەو بەسەرمدا کەوت قاچم شکا، زۆر نەشتەرگەریم ئەنجامداوەو تا ئێستا چارەسەری تەواوم وەرنەگرتووە".

ش . ر

سەرچاوە: TRT


PM:03:52:16/09/2019














ئه‌م بابه‌ته 6456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو