كچێكی 18 ساڵ لە مەراسیمی جەژنی جەما گەڕایەوە و بە پەت خنكا

‌هەیام خەڵەف

وێستگه‌ نیوز ـ کەرکوک ناو
کچێکی تەمەن 18 ساڵی ئێزیدی، لە ماڵەكەی خۆیدا لە شنگال، بە خنكاندن گیانی لەدەستدا، لەوكاتەی دایك و باوكی دەبینن لە ژورەكەیدا هەڵواسراوە و پەتێك لە ملیدایە.


ئەم رووداوە لە ناوەندی قەزای شنگال، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13ی ئەیلولی 2019، پێی زانراوە، رووداوەكە لەكاتێكدابوو كە تا كاتژمێر 8ی شەوی پێشتر ئەو كچە (هەیام خەڵەف) لەگەڵ كەسوكارەكەی لە ناویاندا دایك و باوكی لە ئاهەنگەكەدا بوون.

خەڵەف باپیر، باوکی هەیام کە خۆی هونەرمەندە و بۆ گۆرانی وتن بۆ ئاهەنگەكە بانگهێشتكرابوو، بە كەركوك ناو-ی وت: "تەواوی خێزانەكەمان رۆیشتین، هاوسه‌رو هەموو منداڵەكانم برد، تا كاتژمێر هەشتی شەو لەوێ ماینەوە و دواتر گەڕاینەوە بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ كێشەیەك بكەین، بەرەبەیانی هەینی كاتێك زانیمان كچەكەم لە ژورەوە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە".

"یەکسەر پۆلیسی ناوەندی شنگالم ئاگاداركردەوە، لێكۆڵینەوەیان كرد و تەرمی هەیامی كچم رەوانەی پزیشكی دادوەری موسڵ كرا"، خەڵەف وایوت.

هەڵۆ شەمۆ، دایكی هەیام قسەی بۆ كەركوك ناو كرد و وتی: "كچەكەم زۆر ئاقڵ و بێدەنگ بوو، نەمبیستووە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس هەبێت، هەستناكەم كێشەی خۆشەویستیشی هەبوبێت... هیچ گومانێك نابەم بۆ ئەم رووداوە".

جەژنی جەما، بۆنەیەكی ئایینی پێكهاتەی ئێزدییە‌ و پێنجشەممە لە چەند مەزارگەیەكی ئەو پێكهاتەیە لە عیراق دەستیپێكرد، بەتایبەت لە قەزای شنگال لە نەینەوا.

ئێزیدییەكان ساڵانە بە ئاهەنگ ‌و سروتە ئاینییەكانی تایبەت بە خۆیان مەراسیمەكانی ئەو جەژنە بەڕێدەكەن و چەند رۆژێك دەخایەنێت.

بۆ ئەمساڵ، هەیام و خێزانەكەی چونە مەزارگەی پیری ئاورە لە شنگال و بەشدارییانكرد.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 199 حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان لە عیراق تۆماركراوە.

تەواوی ساڵی 2018ەش 519 حاڵەت، بەڵام لە ساڵی 2017 دا، 440 حاڵەت بووە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا كەیسی گیانلەدەستدانی هەیام لای پۆلیسە و یەكلایینەبوه‌تەوە.


PM:01:36:14/09/2019






ئه‌م بابه‌ته 6948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت