نێچیرڤان بارزانی: پێشكه‌وتنی ئابووری له‌ عیراق و هه‌رێم پێویستی به‌ سیاسه‌ت و پلانی باشتره‌


وێستگه‌ نیوز -
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان  رایگه‌یاند كه‌ په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی ئابووری له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ سیاسه‌ت و ڕێكخستنه‌وه‌ و پلان و به‌رنامه‌یه‌كی باشتر هه‌یه‌.

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ی‌ ئه‌یلولی‌ 2019 له‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ هه‌ولێر پێشوازی‌ له‌ د. نوری سه‌باح ئه‌لدلێمی وه‌زیری پلاندانی عیراق كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ هاتنی سه‌رمایه‌ و وه‌به‌رهێنانی بیانی بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و هاندان و رێخۆشكردن و پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنانی بیانی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ كه‌رتی تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ و قۆناغه‌كانی داهاتووی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ پێویستییه‌كی له‌پێشینه‌ زانی.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی ئابووری له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و داهاتوویه‌كی باشتری دۆخی ئابووری له‌ وڵات، پێویستی به‌ سیاسه‌ت و رێكخستنه‌وه‌ و پلان و به‌رنامه‌یه‌كی باشتری به‌ڕێوه‌بردن و كارگێریی دارایی و هه‌ڵنانی هه‌نگاوی كاراتر هه‌یه‌".

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا هه‌نگاوه‌كان و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتی له‌ عیراق و گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا، تاووتوێ كرد.

ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی گشتیی عیراق بۆ ساڵی داهاتووی 2020 و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر، به‌تایبه‌تی پارێزگای موسڵ و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تا ئێستا له‌مباره‌یه‌وه‌ نراون، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون.


PM:05:47:12/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو