جێگری پارێزگاری موسڵ: حه‌شدی شه‌عبی پیلانی دانابوو به‌بارمته‌مان بگرێت
جێگری پارێزگاری موسڵ
وێستگه نیوز -
جێگری پارێزگاری موسڵ كه له‌سه‌ر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه، رایگه‌یاند كه حه‌شدی شه‌عبی پیلانی دانابوو له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێكی حزبه‌كه‌ی به‌بارمته‌یان بگرێت، به‌ڵام ھێزی پێشمه‌رگه به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه و پیلانه‌كه سه‌ری نه‌گرت.
سیروان رۆژبه‌یانی جێگری پارێزگاری موسڵ به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی "پارتی" راگه‌یاند كه "دوێنێ كاتێك له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی پارتی ده‌مانویست له موسڵه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شاری ھه‌ولێر له بازگه‌یه‌كی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی، كه ده‌كه‌وێته گه‌ڕه‌كی گوبجه‌لیلی شاری موسڵ، پیلانێك دژی ئێمه دانرابوو، به‌ڵام پیلانه‌كه شكستی ھێنا".
سیروان رۆژبه‌یانی ده‌ڵێت: "حه‌شدی شه‌عبی ده‌یویست جێگری پارێزگار و په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی به بارمته ده‌ستگیر بكات".
وتیشی: "من وه‌ك جێگری پارێزگاری موسڵ به‌رده‌وام ھاتوچۆ ده‌كه‌م و ھه‌ماھه‌نگییش ھه‌یه بۆ ھاتوچۆمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوێنی ئێواره رووی دا پیلان بوو".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی ئێمه له بازگه‌كه تێ په‌ڕی و خۆمان پێ ناساندن، به‌ڵام كۆتا ئۆتۆمبێل رێگریی لێ كرا و دواتر زۆر ھه‌وڵمان دا كێشه دروست نه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی خۆیان بۆ شه‌ڕ ئاماده كردبوو، ده‌ستیان به ته‌قه كرد".
سیروان رۆژبه‌یانی باسی له‌وه‌شكرد كه "خۆشبه‌ختانه ڕووداوه‌كه ھیچ زیانی گیانیی لێ نه‌كه‌وته‌وه، به‌ڵام بۆم ده‌ركه‌وت به‌پیلان ڕێگری كراوه و سوپاسی ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه ده‌كه‌م توانییان پارێزگاریمان لێ بكه‌ن و رۆڵیان له‌به‌رچاوه".
سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئه‌منیی ناو شاری موسڵ، سیروان رۆژبه‌یانی رایگه‌یاند كه "به‌شێكی ئه‌و ھێزانه‌ی ئێستا له‌نێو موسڵدان، به‌تایبه‌تی ھێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خۆیان به‌شێكن له ئاڵۆزییه‌كان و له ڕۆژانی رابردووش‌دا له لایه‌ن حه‌شد و سوپای عیراقه‌وه ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای حه‌مدانیه به ناوی داود بابه یه‌عقود، گه‌وره‌ترین سووكایه‌تیی پێ كراوه، واته ئه‌و ھێزانه به‌رده‌وام كێشه بۆ خه‌ڵكی موسڵ ده‌نێنه‌وه".
PM:05:10:12/09/2019
ئه‌م بابه‌ته 4292
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت