سەرۆک کۆمار لە مەراسیمی عاشورادا: یادەوەریی ئیمام حسێن داوامان لێدەکات بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆردا بچینەوە

‌د.بەرھەم ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌شداریی له‌ یادی شه‌هیدكردنی ئیمام حسێن له‌ مزگه‌وتی به‌رزنجه‌ له‌ شاری سلێمانی كرد و رایگەیاند: یادەوەری ئیمام حسێن داوامان لێدەکات ھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ی ئه‌یلولی 2019، د.بەرھەم ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌شداریی لە مەراسیمی عاشورا لە مزگەوتی بەرزنجەی شاری سلێمانی كرد كه‌ بەبۆنەی شەھیدكردنی ئیمام حسێن رێكخرابوو.

له‌ وته‌یه‌كیشدا سەرۆک کۆماری عیراق رایگه‌یاند: ھەروەک چۆن بینیمان پێکھاتەکانی عیراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین، ئه‌م یادەوەرییه‌ش داوامان لێدەکات ھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. 

سه‌رۆك كۆماری عیراق راشیگه‌یاند: لە بەرزنجەی مەڵبەندی ناوداری کوردستان، ناوەندی عیرفان و تەریقەت مەڵبەندی سادات ئیلھامی ئەو پەیامە زیندوەی ئیمام حوسەین بەسەر دەکەینەوە دووبارەی دەکەینەوە کە لەگەڵ خۆیدا شۆڕشێکی بەردەوامی گەورەی فکری بۆ بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری لەو بەرەبەیانیەی مێژوەوە بۆ ئێستا بەدیھێنا، شۆڕشێک، کە ھەردەم بەھاکانی لە ناو دڵ و دەرون و بیرکردنەوەدا، بە نەمری دەمێننەوە و لە ئێستاشدا داوامان لێدەکات، لە پێناو بەردەوامبوونیدا، یەکێتی ڕیزەکانی گەلی بۆ ببپارێزین ھەتا لەو سۆنگەیەوە بنیاتنانەوە و چاکسازی و دادپەروەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراقیش بەدیبھێنین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.به‌رهه‌م ساڵح وتی: بەرجەستەبوونی کەسایەتی ئیمام حوسەین بەرجەستەبوونی ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژووی ئینسانی و ئیسلامیدا، بوونی ڕێبەرێکە کە سیمبوڵی بەگژداچونەوەی زۆردارییە ھەتا ئەندازەی گیانبەخشین لە پێناوی بەدیھاتنی باوەڕی بەرز و پەیامی نەگۆڕ، کەئەویش بەرز ڕاگرتنی حەق و بەگژداچونەوەی زوڵم و زۆرداری بوو.



PM:04:47:09/09/2019








ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت