هەزاران ماتەمگێڕی عاشورا لە کەربەلا


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ هەزاران شیعەی وڵاتانی هیندستان و ئێران و لوبنان و پاکستان ڕوویان لە شاری کەربەلای عیراق کرد و لە یادی شەهیدکردنی ئیمام حسێن کوڕی عەلی ئه‌بو تالب و هاوڕێکانیدا ماتەمیان گێڕا. 

وەک نەریتێکی ساڵانە موسڵمانان بەتایبەت شیعەکان یادی رۆژی عاشورا دەکەنەوە و بۆ یادی شەهیدبوونی ئیمام حسێن کوڕی عەلی ئه‌بو تالب و هاوه‌ڵه‌كانی لەو رۆژەدا ماتەم دەگێڕن. 

ئەمڕۆ دووشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ 10 ی موحەرەمی 1441 ی کۆچی، مەراسیمەکانی عاشورا به‌ به‌رفراوانی له‌ چه‌ند وڵاتێك بەڕێوەدەچێت کە زۆرینەی دانیشتیوانی شیعە مەزهەبن، عیراق و ئێرانیش لەو وڵاتانەن کە مەراسیمی ماته‌مینی بەشێوەیەکی بەرفراوان ده‌گێڕن. 

لە عیراقدا شاری کەربەلا یەکێکە لەو شارانەی هەزاران شیعەی عیراق و ئێران و وڵاتانی دیکە لە خۆی کۆدەکاتەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتی بەشداربووانی مەراسیمەکانیش ئەمساڵ حکومەتی عیراق نزیکەی 40 هەزار کارمەندی پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی لە شارەکەدا بڵاوەپێکردووە.  

ش . ر 


PM:03:39:09/09/2019




















































ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو