رۆژی شه‌ممه‌ کۆنفرانسی iTalk لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت


وێستگە نیوز-  
بۆ یەکەم جار لە شاری سلێمانی و رۆژی 7 ی ئەم مانگە کۆنفرانسی  iTalk لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و چەندین هونەرمەند و کەسایەتی دیار بەشداری تێدادەکەن.


کۆنفراسەکە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر  6ی ئێوارە کۆتایی پێدێت، جگە لە وتاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و رێکخەرانی کۆنفرانس، هونەرمەند دەشنێ موراد وتار پێشکەش دەکات، هاوکات چەندین چالاکی گۆرانی و موزیک و چالاکی دیکە پێشکەش دەکرێن.

داستان تۆفیق، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتی کۆنفرانسی iTalk بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لەم کۆنفرانسەدا 11 میوان بەشدارن کە هەریەکەیان لە بوارێکدا تایبەتمەندیان هەیە و خزمەتیان بە کۆمەڵگە کردووە لەگەڵ پێشکەشکردنی گۆرانی و موزیک و چالاکی دیکە.

داستان تۆفیق بەشداربووانی کۆنفرانسەکەی بۆ وێستگە ئاشکرا کرد و وتی، "لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە هونەرمەند هەڵوێست و عەمار کوفی جگە لە وتار گۆرانییش پێشکەش دەکەن، خانمە هونەرمەند کەویاریش گۆرانی پێشکەش ئامادەبووان دەکات، هەژار زەهاوی دەفژەن و پرۆدیوسەری بەتوانای کوردیش وتار پێشکەش دەکات و دەفیش دەژەنێت، عومەر فەیسەڵ یاریزانی لەشجوانی و پاڵەوانی کوردستان و عیراق و نێودەوڵەتی وتار پێشکەش دەکات، هەریەک لە  ئادەم و ئاریان کە دوو چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن وتار پێشکەش دەکەن، میوانێکی دیکەش خاتو زرێبار هەورامیە کە بازرگانێکی سەرکەوتووی کوردستانە و کۆمپانیای تایبەت بە خۆی هەیە لە کۆنفرانسەکەدا وتار پێشکەش دەکات".

داستان تۆفیق، دەشڵێت، "گرنگترین خاڵی ئەم ئیڤێنتە ئەوەیە هەموو چالاکیەکانی لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەمانەوێ ئەوە بچەسپێنین کە بە سلێمانی دەوترێ پایتەختی رۆشنبیری و پلان هەیە کە ساڵانە بەردەوام بێت، نەک تەنها ئامانجی بزنس بەڵکو بەشێک لە داهاتەکەی بۆ نەخۆشخانەی هیوا دەڕوات، سپۆنسەری سەرەکی ئاسیاسێلە لەگەڵ چەند سپۆنسەرێکی دیکە، ئەم ئیڤێنتە داهێنانێکی گەنجانەی گەنجانی سلێمانیە و حەزمانکرد براندێکی کوردی و چالاکیەکی تەواو کوردی بەڕێوەبچێت".

بەشێکی تر لە چالاکیەکانی ئیڤێنتەکە لە ئیڤێنتەکە  هاشتاگێکە بە ناوی بە ناوی "من دەتوانم- من قسە دەکەم" I can- I talk کان کە کۆمەڵێگ گەنجی زۆر ڤیدیۆی یەک خولەکی خۆیان ناردووە و رای خۆیان لەسەر سەرکەوتن دەردەبڕن، سه‌ركه‌وتن چی ده‌گه‌ینێت له ‌ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵێ گه‌نجه‌وه".

بلیتەکانی ئەم کۆنفرانسە لە چەند کافتریایەکی شاری سلێمانی دەستدەکەوێت- کافێ سی سی، جان کافێ، تۆپ وافڵ، سۆهۆ کافێ، ریحانە رێستۆرانت، وەک داستان تۆفیق ئاماژەی پێدەکات داهاتەکەی بەشێکی بۆ نەخۆشخانەی هیوایەو بەشێکی دیکەشی بۆ  ئامادەکاری چالاکیەکانی کۆنفرانس خەرجدەکرێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری کۆنفرانسی iTalk، ئەم ئیڤێنتە پەیامی ئاشتەوانی گەنجان و کاڵکردنەوەی جیاوازی ئاین و مەزهەبی و رەگەزی هەڵگرتووە.  

ش . ر


PM:01:54:05/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 5448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو