وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق بۆ توركیا: ده‌رگای هاورده‌كردنی هێلكه‌ ناكه‌ینه‌وه‌

‌فاتح یەڵدز، بالیۆزی تورکیا لەبەغدا لەکاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕەکانی هێلکە

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق نیگه‌رانیی له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی فرۆشتنی هێلكه‌ی له‌لایه‌ن باڵیۆزی توركیا له‌به‌غدا ده‌ربڕی و رایگه‌یاند سه‌ردانه‌كه‌ی باڵیۆز وه‌زاره‌ت له‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی هێلكه‌ له‌ توركیا پاشگه‌ز ناكاته‌وه‌.

رۆژی سێشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلولی 2019، فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ عیراق به‌ یاوه‌ریی چه‌ند بازرگانێك شوێنه‌كانی فرۆشتنی هێلكه‌ی له‌ هه‌ردوو عه‌لوه‌ی جه‌میله‌ و زوێنی له‌ به‌غدای پایته‌خت به‌سه‌ر كردوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلول، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و نیگه‌رانیی له‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: سه‌ردانه‌كه‌ی باڵیۆزی توركیا كار له‌ بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌ت ناكات بۆ پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی و گوشاره‌كان پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌ له‌ بڕیاره‌كانی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی هێلكه‌ له‌ توركیاوه‌.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق رایگه‌یاندوه‌: هه‌رگیز ده‌رگای هاورده‌كردنه‌وه‌ی هێلكه‌ له‌ توركیاوه‌ ناكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی زیادی كردوه‌ و وه‌زاره‌تیش پشتیوانی له‌ به‌رهه‌می روه‌كی و ئاژه‌ڵیی خۆی ده‌كات.

له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوشدا، فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا هه‌وڵی زۆری داوه‌ بۆ پاشگه‌زكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق له‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هێنانی هێلكه‌ و ته‌نانه‌ت بانگهێشتی وه‌زیریشی كردوه‌ سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ بكات.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ مانگی ته‌مموزی رابردوودا حه‌مید نایف، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق رایگه‌یاند به‌رهه‌می ناوخۆی عیراق له‌ هێلكه‌ به‌شی پێداوستییه‌كان وڵات ده‌كات و ئه‌گه‌ر وا بڕوات ره‌نگه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ عیراق هێلكه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات.

ماوه‌ی 16 ساڵه‌ بازاڕه‌كانی عیراق پڕن له‌ به‌رهه‌می بیانی و به‌هۆی داڕمانی ژێرخانی ئابورییه‌وه‌، عیراق زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی له‌ ئوردن و ئێران و سوریا و توركیا و وڵاتانی دیكه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات.


PM:07:46:04/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 2424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو