وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز –

وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ رۆژی‌ 21ی‌ ئه‌یلول یه‌كه‌م رۆژی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنه‌، بڕیاریشی‌ دا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌ ئینگلیزیكردنی هه‌ردوو بابه‌تی بیركاری و زاسته‌ گشتییه‌كان تایبه‌ت به‌ قۆناخی فێركردنی بنه‌ڕه‌تی.

ئه‌مشه‌و ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌پێی بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌ت، 1ـی ئه‌یلول مامۆستایان ده‌ستبه‌كارده‌بن و 21ـی ئه‌یلولیش یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندنه‌.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك بڕیاری‌ تر ده‌ركراون له‌وانه‌  "پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ رێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكان، پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك سه‌باره‌ت به‌ دانانی بانكی پرسیاره‌كان تایبه‌ت به‌ ئه‌زموونه‌كانی قۆناخی 12ـی ئاماده‌یی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌ ئینگلیزیكردنی هه‌ردوو بابه‌تی بیركاری و زاسته‌ گشتییه‌كان تایبه‌ت به‌ قۆناخی فێركردنی بنه‌ڕه‌تی".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ بڕیاره‌كانه‌:

- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌ راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی پارێزگاكان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا بورهان عه‌بدوڵڵا تایبه‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كارگێڕی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان له‌ پارێزگاكان و په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی پێوه‌ری چاودێری پێویست.

- رۆژی 1ـی ئه‌یلول بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی مامۆستایان دیاریكرا، رۆژی 21ـی ئه‌یلولیش یه‌كه‌م رۆژی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2019 – 2020 له‌ هه‌رێمی كوردستان.

- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ رێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكان به‌ سه‌رۆكایه‌تی راوێژكار بورهان عه‌بدوڵڵا و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل ره‌حمان، شیلان خه‌لیل جونێد، جه‌لال هه‌مزه‌ كاكه‌شین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارێزگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021.

- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك سه‌باره‌ت به‌ دانانی بانكی پرسیاره‌كان تایبه‌ت به‌ ئه‌زموونه‌كانی قۆناخی 12ـی ئاماده‌یی به‌ سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم له‌تیف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌زموونه‌كان و ئه‌ندامییه‌تی كاوه‌ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی په‌روه‌رده‌ی پارێزگاكان. كه‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی چوار مانگدا كاره‌كانیان ته‌واوبێت.

- رێگه‌نه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی خولی به‌هێزكردن و وتنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌و په‌یمانگه‌ پیشه‌ییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ مۆڵه‌تی پیشه‌ییان پێدراوه‌، ناكرێت بیناكانیان به‌كاربهێنن بۆ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی وانه‌كانی به‌هێزكردن و وتنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندن.

- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌ ئینگلیزیكردنی هه‌ردوو بابه‌تی بیركاری و زاسته‌ گشتییه‌كان تایبه‌ت به‌ قۆناخی فێركردنی بنه‌ڕه‌تی، كه‌ له‌ ساڵی خوێندنی 2015 – 2016 وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، هاوكات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان به‌ خوێندنی زمانی ئینگلیزی، راوێژ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پسپۆرانی بواری زمان له‌ زانكۆكانی كوردستان بكرێت له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌.

- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ راوێژكاران: بورهان عه‌بدوڵڵا عادل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان مه‌ریوان به‌گۆك و به‌كر كه‌ریم، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكومییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ و به‌دواداچوون له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ (14)ـی ساڵی 2012 و رێنمایی ژماره‌ (1)ـی ساڵی 2016 باخچه‌و قوتابخانه‌و په‌یمانگه‌ ناحكومییه‌كان.


PM:10:00:19/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 9936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو