ماریا هه‌ورامی لەسەر داوای لێبوردنەکەی مەلا هەڵۆ بڕیاریدا

‌ ماریا هه‌ورامی

وێستگه‌ نیوزـ

خانمە گۆرانیبێژ، ماریا هه‌ورامی، له‌ رونكردنه‌ویه‌دا وێڕای سوپاس بۆ ئه‌و كه‌سایەتی و مامۆستا ئایینی و نوسەر و دەزگا رەسمییانەی پشتگیری و بەرگرییان لێ كردوه‌، رایگه‌یاندوه‌: ئه‌و هێرشه‌ی له‌لایه‌ن مه‌لا هه‌ڵۆ كرایه‌ سه‌ری "ئازار به‌خش"بوو، هاوكات روداوه‌كه‌ دابه‌شبونی كۆمه‌ڵگه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و پێی وایه‌ کە ئه‌ویش "ئازار به‌خشه‌"، بۆیه‌ دواجار بڕیاری داوه‌ كه‌ داوای لێبوردنه‌كه‌ی مامۆستا هه‌ڵۆ قبوڵ بكات.

له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2019 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ماریا هه‌ورامی به‌پێیوستی زانیوه‌ لە دەرئه‌نجامی کۆی روداوەکان و ده‌نگۆ و كۆمێنت و سه‌رقاڵیی میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌یه‌تییه‌كان به‌ كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌لا هه‌ڵۆ،  بۆچونی خۆی له‌ چه‌ند خاڵێكدا بخاته‌ڕوو.

ماریا هه‌ورامی رایگه‌یاندوه‌: "مامۆستا هەڵۆ دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبووە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم بنەماڵەکەم کردەو، سەردانی ماڵەوەی کردووین و پەشیمانبوونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیووە کە کردوویەتە سەرم.

ده‌شڵێت:"وەک هونەرمەندێک بە مافی خۆمی دەزانم کە هەرکلیپێک دەربکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەناخی پەروەردەییمەوە هەوڵمداوە کە هەم ڕەچاوی دابونەرێتی کۆمەڵگاکەم بکەم کە جێی شانازی گەورەمە"، ده‌شڵێت: " ڕێزی زۆرم بۆ سەرجەم ئاینەکان و زانایانی ئاینی و هاوبیرانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بێگومان جیاوازی شێوازی بیرکردنەوە لەو چواچێوەیەدا مافێکی سروشتیە".

ماریا هه‌ورامی رایگه‌یاندوه‌: بەداخەوە بەهۆی ورژاندنی ئەم بابەتەوە، هەستم کرد ئەو بەشەی کۆمەڵگاکەمان کە کۆمێنتی هەبووە لەسەر ئەم باسە کە هەندێک جار بووەتە مایەی دەربڕینی توند بەرامبەر بە یەکتر، کە لەڕاستیدا ئەم دابەشبوونەو ئەو جۆرە دەربڕینانە زۆر لە بابەتە سەرەکیەکە زیاتر ئازاری دام و دڵگرانی کردم، بۆیه‌ بڕیارمدا کە لای خۆمەوە داوای لێبووردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2019، مەلا هەڵۆ حەمە رەشید، مامۆستای ئاینی رایگەیاند، سەردانی ماڵی هونەرمەند ماریا هەورامی کردووە و لەوێ ئەوەندەی تر پەشیمان بووەتەوە لە قسە" ناشەرعی و نەشیاوەکان" ی‌، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ رێزێكی زۆری لێ گیراوه‌.

ئەو وتانەی‌ مەلا هەڵۆ و قبوڵكردنی داوای لێبوردنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ماریا هه‌ورامییه‌وه‌ دوای‌ ئەوە دێت کە پێشتر کەسوکاری ماریا هەورامی‌ رایانگەیاندبوو، رێگای یاسا دەگرنەبەر بەرامبەر ئەو وتە نەشیاوانەی‌ مەلا هەڵۆ له‌سه‌ر كلیپی "دڵه‌كه‌م" به‌ ماریای‌ وتووە.

دواتریش لەسەر هەمان کێشە ناکۆکی‌ کەوتە نێوان مەلا هەڵۆ و مەلا فاتیح شارستێنی‌ و دوێنێش یەکێتی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ ناکۆکی‌ نێوان ئەو دوو مامۆستا ئاینییەی‌ چارەسەرکرد.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی ماریا هه‌ورامی:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی 

سەرەتا دەمەوێت سوپاس و ڕێزی بێ پایانم ئاراستەی هەوادارنم بە گشتی و دەزگا رەسمی و کەسایەتی و نوسەر و ڕاگەیاندنەکان و سەرجەم چین و توێژەکان، بە تایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای هونەرمەندان و نوسەرە بەڕێزەکان و کەسایەتی و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی و دەزگا ڕاگەیاندنەکان و چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیری ناو کوردستان و هه ندەران کە لەم بارودۆخەی دوای بڵاوبوونەوەی کلیپی گۆرانیە نوێکەم هاوپشت و هاوکارو زۆر بە بوێرانە بوونە قەڵغانێک بەرامبەر بەو بەوتەشهیرەی بەرامبەرم کرا، بێشک ئەم هەموو پاڵپشتی و هاوسۆزی و بەرگریەی ئێوە زیاتر ئیرادەو ورەی بەرزکردمەوە. دوو بارە ڕێزم بۆ هەرکەسێکیش هەیە بە وشەیەکیش پشتگیری لێ کردبم.
 
  ئەو جۆرە دەربڕینە بەشێوەیەکی گشتی نەشیاو و نەگونجاوەو نامۆیە بە کەلتوری کوردەواری و هێرشێکی ناڕەوای ئازار بەخشیش بوو، کە بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایەوە کۆمەڵێک دەنگۆ و کۆمێنتی لێکەوتەوە لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیکاندا لە سەر ئاستی جیاواز.
 لەدەرەنجامی کۆی رووداوەکە بۆچونێک لەلام گەڵاڵە بوو کە دەمەوێت بەم ڕوونکردنەویە بۆ ئێوەی ئازیزی بخەمەڕوو: 

1- من وەک هونەرمەندێک بە مافی خۆمی دەزانم کە هەرکلیپێک دەربکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەناخی پەروەردەییمەوە هەوڵمداوە کە هەم ڕەچاوی دابونەرێتی  کۆمەڵگاکەم بکەم کە جێی شانازی گەورەمە، هەم بەپێی توانا ڕەنگدانەوەی کەلتور و گۆرانی ڕەسەنی کوردی تیا دەربکەوێت، دوا گۆرانیشم " دڵەکەمی " گۆرانییەکی رەسەنی کوردەوارییە و بە شاکارێکی سەرکەوتووی خۆمی دەزانم.  

۳- دوای ئەوەی ناوەڕۆکی پەیوندیە تەلفونیەکە بڵاوبوەوە بۆ ڕای گشتی، "مامۆستا هەڵۆ" دانی بەوەدا نا کە ئەو بۆچونە بۆ ڕای گشتی و ڕاستەوخۆ بۆ کەسایەتی من نەبووە و، لەسەر ئەو بنەمایەش بەشێوەیەکی ئاشکرا، سێ جار داوای لێبوردنی لە خۆم بنەماڵەکەم کردەو، سەردانی ماڵەوەی کردووین و پەشیمانبوونەوەی خۆی لەو هێرشە دەبڕیووە کە کردوویەتە سەرم.

٤- من وەک ماریا، ڕێزی زۆرم بۆ سەرجەم ئاینەکان و زانایانی ئاینی و هاوبیرانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بێگومان جیاوازی شێوازی بیرکردنەوە لەو چواچێوەیەدا مافێکی سروشتیە، هەروەها بە مافی خۆمیشی دەزانم لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و نەرێتی کۆمەڵگاکەماندا خاوەنی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و میانڕەوەی خۆم بم. 

٥- بەداخەوە بەهۆی ورژاندنی ئەم بابەتەوە، هەستم کرد ئەو بەشەی کۆمەڵگاکەمان کە کۆمێنتی هەبووە لەسەر ئەم باسە، کەم و زۆر ڕێژەکە هەرچەند بێت دابەشبوونێک لە بۆچوونەکاندا ڕوویداوە کە هەندێک جار بووەتە مایەی دەربڕینی توند بەرامبەر بە یەکتر، کە لەڕاستیدا ئەم دابەشبوونەو ئەو جۆرە دەربڕینانە زۆر لە بابەتە سەرەکیەکە زیاتر ئازاری دام و دڵگرانی کردم. 

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕوونکردنەوەیەی  سەرەوەو، بەتایبەتیش ئەوەی زۆر مەبەستە لێرەداو بووە بەخەمی من، ئەو جۆرە لێکترازانەیە لە کۆمەڵگاکەماندا، کە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە خۆشمدەوێ کۆمەڵگاکەمان مایەی شانازیمەو، لە ڕوانگەی پەروەردەیی لە روی فکری خێزانی و کەلتوری هەورامان و کوردەواری، کاتێک کەسێک دێتە ماڵەکەت پێویستە ڕێزی لێ بگیرێ، بڕیارم دا کە لای خۆمەوە داوای لێبووردنەکەی مامۆستا هەڵۆ قبوڵ بکەم. لە هەمان کاتدا مافی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگا راگرم، ئەمەش لە روانگەی پۆزشەکەی مامۆستا هەڵوەوە، هەروەها بۆ کۆتایی هێنانیش بەو دابەشبوونەی چەند رۆژێکە کۆمەڵگاکەمان بەهۆی ئەم هێرشەی مامۆستاوە دووچاری بۆتەوە، هیواداریشم جارێکی تر، مامۆستا هەرگیز هێرش نەکاتە سەر هونەرمەندان کە مافێکی سروشتی هەموو گەلێکە هونەری هەبێت و لەسەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتیشەوە، گەلان بێ هونەر نەژیاون.

لە کۆتاییدا ئەوە ماوە کە بیڵێم دووبارە سوپاس و پێزانین و خۆشەویستیم بۆ ئەو کەسایەتی و مامۆستا ئایییانە دەکەم کە پشتگیرم بوون و بەرگرییان لێکردم، هەروەها ڕێزم بۆ بۆچوونی ئەوانەش کە دژم بوون. دوا تکاشم ئەوەیە بەهەموومان هەوڵ بدەین کۆمەڵگاکەمان بەدوور بگرین لە دەربڕینی زبر و قسەی نەشیاو. 

لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ هەموولایەک..
ماریا هەورامی..
١٩-٨-٢٠١٩


PM:07:59:19/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 18260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو