د.بەرهەم ساڵح‌‌: جارێکی تر عیراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانێکانی ناوچەکە

‌د.بەرهەم لە وەزارەتی بەرگریی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق سه‌ردانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ جارێکی تر عیراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانییە سیاسییەکانی ناوچەکە بەڵکو دەبێتە پێگەیەک بۆ بەیەکگەیشتنی لایەنە ناکۆکەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2019، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد و لەلایەن نەجاح شمه‌ری، وەزیری بەرگری و گەورە ئەفسەرانی سوپای عیراقه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا.

سەرۆک کۆمار لە وەزارەتی بەرگری وتارێکی پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە کە خوێنی شەھیدان و قوربانی ھێزە چەکدارەکان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆر بەرز دەنرخێنین کە لە پێناو پاراستنی ھاوڵاتییان و گشت عیراقدا خۆینیان رشت.

سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ ئاماده‌بوانی وت: برینەکان خەریکە ساڕێژ دەبن، چونکە ئیرادەی ئێوە لە خواستی تیرۆر گەورەتربوو و یەکڕیزیتان بووە نمونەی یەکڕیزی نیشتمانی لەکاتە سەختەکاندا، ئەمڕۆش بونەتە جێگای ڕێزی مرۆڤایەتی کە بەشەرەفەوە بەرگریتانکرد لە بەرامبەر تیرۆریستاندا.

وتشیی؟ ھێزەچەکدارەکان بەگشت پێکھاتەکانییەوە گەورەترین داستانیان تۆمارکرد لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستھێنا، به‌پێویستیشی زانی سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و دووبارە سەرھەڵنەدانەوەی داعش لە عیراقدا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.به‌رهه‌م ساڵح دوپاتیكرده‌وه‌ کە نابێت سوپا بەشدار بێت لە یەکلایکردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکان، بەڵکو دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و پیشەییانە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە چەک تەنھا بە دەست دەوڵەت بێت. 

سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکەش سه‌رۆك كۆماری عیراق وتی: جارێکی تر عیراق نابێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانییە سیاسییەکانی ناوچەکە بەڵکو دەبێتە پێگەیەک بۆ بەیەکگەیشتنی لایەنە ناکۆکەکان تا جارێکی تر ناوچەکە توشی شەڕ و ماڵوێرانی نەبێتەوە. 

هاوكات وەزیری بەرگریی عیراق جەختیکردەوە کە "ھێزە چەکدارەکان پەیمان دوپاتدەکەنەوە کە سەربازێکی وەفاداربن بۆ بەرگریکردن لە ھاوڵاتیان و خاکی نیشتمان."





PM:09:35:18/08/2019










ئه‌م بابه‌ته 1932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت